لە ماوەی هەفتەیەکدا نۆ هاوڵاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

‌یەکێک لە مانگرتنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
دەستگیرکردنی‌ هاوڵاتییان و چالاکانی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێرانەوە لە زیادبووندایە و ئامارەکانی‌ پێشێلکردنی‌ مافەکانی‌ مرۆڤ لەو وڵاتە بەرەو مەترسی‌ زیاتر چووە.


لەو چوارچێوەیەدا و رێکخراوی‌ هەنگاو بۆ مافەکانی‌ مرۆڤ بڵاویکردەوە تەنیا لە ماوەی‌ یەک هەفتەی‌ رابردوودا نۆ هاوڵاتی‌ لە ناوچە جیاوازەکانی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە.

ئاماژەی‌ بەوەش کردووە، حەوت لەو کەسانەی‌ دەستگیرکراون دانیشتووی شاری مەریوانن و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، هاوکات دوو هاوڵاتی دیکە لە سنە و ئورمییە دەستگیر کراون کە هەر نۆ کەسەکە تۆمەتی‌ کاری‌ سیاسی‌ و هاوکاریکردنی‌ حزبە کوردییەکانیان خراوەتە پاڵ.

بەپێی‌ ئامارەکان تەنیا لە مانگی‌ ئەیلولی‌ رابردوودا 80 هاوڵاتی کورد لە شارە جیاجیاکانی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان دەستگیرکراون و لەکاتێکدا لە مانگی‌ ئابی‌ ئەمساڵ 58 کەس دەستگیرکرابوون، بەوپێیە دەستگیرکردنی‌ هاوڵاتییانی‌ کورد لە مانگی‌ رابردوودا 37% زیادی‌کردووە بەراورد بە مانگی‌ ئاب.

بەپێی ئاماری‌ رێکخراوەکانی‌ تایبەت بە مافی‌ مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی‌ کوردستاندا لە ماوەی‌ نۆ مانگی‌ 2018دا نزیکەی‌ 360 کەس دەستگیرکراون و تا کۆتایی‌ هەمان ساڵ نزیکەی‌ هه‌زار و 400 کەس دەستگیرکراون بەهۆی‌ مانگرتنی‌ شارەکانی‌ رۆژهەڵات و دەربڕینی‌ نیگەرانی لەسەر هێرشەکانی‌ سەر بارەگاکانی‌ حدک و حدکا لە کۆیە.

لەناو دەستگیرکراوەکانی‌ نۆ مانگی‌ رابردووی‌ ئەمساڵدا 20 چالاکی ژن و نۆ رۆژنامەنوس و 27 خوێندکار هەیە، زۆرینەی‌ ئەو کەسانەی‌ دەستگیرکراون بە تۆمەتی‌ چالاکیی سیاسی‌ و بەشداری‌ خۆپیشاندان و مانگرتن یان پەیوەندی‌ لەگەڵ حزبەکانی‌ رۆژهەڵاتدا بووە.

هــ. ر


PM:11:19:19/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو