پژاک: ناڕەزاییە سەرتاسەریەکانی ئێران لێکەوتەی بۆ سەر حکومەت دەبێت


وێستگە نیوز-

پژاک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئەوەی خستوەتەڕوو ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی گەلانی ئێران لێکەوتەیان دەبێت لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە و ئاماژەی بەوەش کردووە دۆخی ئەمساڵی ئێران جیاوازە لە ساڵانی تر.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە ئەوەی خستوەتەڕوو "ئێستا کە پێمان ناوەتە ڕەزبەری ٢٠١٨ وە دۆخی ئێران زۆر جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "ئەو ناڕەزاییە سەرتاسەرییانەی لە ئێران هەیە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی هاوچەرخی ئەو ولاتەدا و لێکەوتەی بۆ کۆمەڵگا و حکومەت بەدواوە دەبێت".

پژاک جەختیشیکردوەتەوە "حکومەتی ئێران هیچ ئیرادەیەکی بۆ گۆڕان تێدا نییە، بەڵام خەڵک لە ڕێگایەکی جیاوازەوە خاوەن داواکاریگەلێکن کە لە چوارچێوەی دەستووری ئێراندا جێگایان نابێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە پەیوەندیەکانی ئێران و ڕۆژئاوا تادێت زیاتر ڕوو لە ئاڵۆزی دەکەن و ئەمریکا بەردەوامە لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا و بڕیاریشە سەرەتای مانگی داهاتوو ترەمپ سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەو سزا نوێیانە کاریگەری خراپیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە هەبێت.


PM:08:58:18/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 2348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت