ئەدهەم جومعە بە کەفالەت ئازادکرا


وێستگە نیوز-

ئەدهەم جومعە ئازادکرا و ڕایگەیاند بە مادەی چواری تیرۆر دەستگیرکراوە و پاشان مادەکەیان گۆڕیوە و دەشڵێت فشارم لێکراوە لە فەیسبووک داوا لە خەڵک بکەم مانگرتن ئەنجام نەدەن.

ئەدهەم جومعە چالاکوانی مەدەنی بە وێستگە نیوزی راگەیاند "سەرەتا کە دەستگیرکرام بە مادەی چواری تیرۆر بوو بەڵام دواتر مادەکەیان گۆڕی بۆ ناوزڕاندن".

ئەو چالاکوانە کە ماوەی چوار ڕۆژ لە زیندانەکانی هەواڵگریی کەرکوکدا بوو وتی "لە زیندان فشاریان لێکردم کە پاشگەزبمەوە لەوەی داوای مانگرتنم کردبوو و دەیانویست لە فەیسبووک بە خەڵک بڵێم مانگرتن ئەنجام نەدەن".

ئەدهەم جومعە ئاماژەی بەوەشکرد "کاتێک زانیان ئەو داوایەیان جێبەجێناکەم گواستمیانەوە بۆ زیندانەکانی هەواڵگری و لە ژورێکی مەتر بە مەتر و نیودا بووم لەگەڵ دوو کەسی تر".

چالاکوانە کەرکوکیەکە ئەوەشی خستەڕوو "ئەو چوار ڕۆژەی کە لە زیندان بووم لەگەڵ ئەو تیرۆرستانەدا بووم کە دەستگیرکرابوون".

ئەدهەم جومعە چەند ڕۆژێک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر داوای لە دانیشتوانی کەرکوک کرد لە ساڵیادی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا مانگرتن بەڕێوە ببەن و بەو هۆیەشەوە لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستیگیرکرا و ماوەی چوار ڕۆژە لە زیندانە و ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە بە کەفالەت ئازادکرا.


PM:07:14:18/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 4464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو