تەڤگەری ئازادی: ڕەخنە لە لاوازی خۆمان دەگرین بەرامبەر گەلەکەمان

‌شیلان شاکر - هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان

وێستگە نیوز-

تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند لەپرۆسەی ڕەخنە لەخۆگرتندایە و بەڵێن دەدات لاوازیەکانی تێپەڕینێت، جەختیش دەکاتەوە
تەنها شتێك كە دەسەڵاتدارانی باشوور بۆیان گرنگ بوو پاوانخوازیی بووە و داوادەکات بەزووترین کات دەستورێک بۆ کوردستان دابنرێت.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆیدا لە مەراسیمێکدا پڕۆژەیەکی ڕاگەیاند بەئامانجی تێپەڕاندنی قەیرانەکانی باشووری کوردستان و تێیدا هاتووە "لە بەرامبەر هەموو لاوازیەكانمان بەرامبەر بە گەلەكەمان ڕەخنە لە خۆمان دەگرین ‌و بەڵێن دەدەین لە داهاتوودا لاوازیەكانمان دەست لەناو دەست تێبپەرێنین".

تەڤگەری ئازادی لە پڕۆژەکەدا داوای کردووە بەزوترین کات کۆمیتەیەک پێکبهێنرێت بۆ نوسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان.

لە پڕۆژەکەدا تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشکردووە "تەنها شتێك كە دەسەڵاتدارانی باشوور بۆیان گرنگ بووە پاوانخوازی و دەست تێكەڵكردنی‌ بەردەوامیان لەگەڵ دوژمن و تەسلیمكردنی خاك و سەروەت و سامانی وڵات بە داگیركاران و كەوتنە دوای پلانەكانیان بووە".

تەڤگەری ئازادی ئەوەشی خستوەتەڕوو "پێویستە سیستمی سیاسی هەرێم سیستمێکی دیموکراتی پەرلەمانی بێت".

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەرواری ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ دامەزراوە و وەکو حزبێکی نزیک لە پەکەکە دەناسرێت و باوەڕی بە بنەما هزریەکانی ئاپۆچیەتی هەیە و چەقی قورسای جەماوەریی حزبەکە لە سلێمانی و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕینە و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوپەیمانێتیەکیان ڕاگەیاند و توانیان چوار کورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن کە دوانیان بەر کاندیدەکانی تەڤگەر کەوت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بە بڕیارێک تەڤگەری ئازادی لە هەڵبژاردنەکەی ٣٠ی ئەیلول دورخستەوە و ڕێگەی نەدا ئەو حزبە بەشداری هەڵبژاردن بکات.


PM:05:32:18/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 1684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت