هاتوچۆی سلێمانی هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری راگه‌یاند و مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت

‌رائید كاروان سدیق، وتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەڵمەتی هۆشیاری هاتوچۆی راگەیاند، بەمەبەستی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ و هەڵمەتەكەش ماوه‌ی مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت.


رائید كاروان سدیق، وتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەڵمەتەكەیان لە ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌  118ی تشرینی یه‌كه‌می 2018ەوە تا 18ی مانگی داهاتوو  واتا ماوه‌ی مانگێك بەردەوام دەبێت، ئامانجیشیان ئەوەیە هەندێك سەرپێچی كە خەریكە دەبنە دیاردە و كاریگەری نەرێنیان دروستكردووە كەمبكەنەوە.

ناوبراو روونیكردەوە: "زۆرجار دەوترێت كاری هاتوچۆ تەنها كاری كۆكردنەوەی داهاتە، بەڵام بەم هەڵمەتە دەمانەوێت بیسەلمێنین كە مەبەستمانه‌ هاوڵاتیان هۆشیار بكەینەوە، دوای هەڵمەتەكەش چۆنیەتی گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر شۆفێران رووندەكەینەوە".

جەختیكردەوە: "بەكارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی یەكێكە لەو حاڵەتانەی زۆرترین سەرنشین بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدەن، ساڵی رابردوو 218 هاوڵاتی بەرووداوەكان گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 128 سەرنشین بوون و هۆكارەكەشی نەبوونی پشتێنی سەلامەتییه‌".

كاروان سدیق ئه‌وه‌شی باسكرد: لەم هەڵمەتەدا راگەیاندنەكانی هاتوچۆ رۆڵی سەرەكی دەبینن بۆ هۆشیاركردنەوە، جگە لەوەش داوای لە میدیاكان و قوتابخانە و مامۆستایانی ئایینی كرد هاوكاریان بن.

هاتووچۆی سلێمانی لە هەڵمەتەكەیان جەخت لەم حاڵەتانە دەكەنەوە "بەكارنەهێنانی قایشی سەلامەتی، بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شۆفێری، پەیڕەونەكردنی خێرایی رێگەپێدراو، راگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنی قەدەغە، پابەندنەبوونی بارهەڵگرەكان بە یاسا و رێنماییەكان، نەبوونی مەرجەكانی توندوتۆڵی و پیسكردنی ژینگە، پێشێلكردنی مافی پیادە، هەڵگرتنی تابلۆی ساختە، بەكارنەهێنانی كڵاوی ماتۆڕسكیل، لێدانی گڵۆپی سوور لە ترافیك لایتەكاندا".



PM:02:40:18/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو