دژەتیرۆری عیراق لە کەرکوک چالاکێکی کورد و برایه‌كیان دەستگیرکرد

‌ئەدهەم جومعە

وێستگه‌ نیوز ـ هەستیار

دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو هێزێكی دژەتیرۆری عیراق چالاكێكی مه‌ده‌نی و برایه‌كی ده‌ستگیر ده‌كه‌ن، دوای كاتژمێرێك براكه‌ی ئازاد ده‌كه‌ن.


به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، درەنگانێکی شەوی رابردوو هێزێکی دژەتیرۆری عیراق هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەدهەم جومعە و خۆی و برایەکیان بە ناوی رزگار جومعە دەستگیرکردووە.

زانیار جومعە برای ئەدهەم جومعە، هەواڵەکەی بۆ وێستگه‌ نیوز پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "كاتژمێر دوای 12ی شه‌وی رابردوو، نزیكه‌ی 60 بۆ 70 چه‌كدارێكی دژه‌ تیرۆری عیراق هاتنه‌ به‌رده‌م ماڵی ئه‌دهه‌م جومعه‌ی برام، داوایان لێكرد بێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌دهه‌می برام وتی نایه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی بنكه‌ی ئازادی و ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌ك نه‌یه‌ن، ئه‌وانیش به‌ ته‌له‌فۆن ئه‌و دوو كه‌سه‌یان هێنا".

وتیشی: "دواتر ئه‌دهه‌م جومعه‌ و رزگار جومعه‌ی برامیان ده‌ستگیركرد و دوای كاتژمێرێك رزگاریان ئازاد كرد و ئه‌وان وتیان مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌دهه‌مه‌، دواتر ئه‌دهه‌میان برد بۆ بینای دژه‌تیرۆری عیراق لە نزیک بارەگای پێشووی مەکتەبی سیاسی پارتی به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسی هه‌واڵگری ناو دژه‌تیرۆر، ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كرد له‌گه‌ڵیدا".

زانیار جومعه‌ ئه‌وه‌شی وت: "هۆكاری ده‌ستگیركردنی براكه‌م له‌سه‌ر پرسی گرووپی بزووتنەوەی مافی کورد بووه‌، كه‌ پێشتر داوای له‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك كردبوو له‌ رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌یه‌نن و دوكان و بازاڕه‌كان دابخه‌ن".

راشیگه‌یاند: تا ئێستا سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌یان نه‌كردووه‌ كه‌ براكه‌ی لێ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ و دۆست براده‌ر قسه‌یان كردووه‌ بۆ ئازادكردنی.

بەهۆی تێپەربوونی ساڵێک بەسەر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەدهەم جومعە بەرپرسی گرووپی بزووتنەوەی مافی کوردە لە کەرکوک، لەگەڵ چالاکانی تری کەرکوک داوای ئەوەیان کرد کەرکوک لە دەسەڵاتی سەربازی رزگاربکرێت و دەسەڵاتی مەدەنی بگەڕێتەوە، لەگەڵ نەهێشتنی خاڵە گومرگییەکان و کۆتاییهێنا بە رەفتاری نەتەوەپەرستی پارێزگاری کەرکوک.

داوای ئەوەیان لە خەڵکی کەرکوک کردبوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و وەک ناڕەزایەتییەک لە دۆخی شارەکە، ماوەی کاتژمێرێک دوکانەکانیان دابخەن.

ساڵێک لەمەوبەر و لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دا لە دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عیراق و حەشدی شەعبی هاتنە ناو کەرکوک و خورماتو و تەواوی ناوچە دابرێنراوەکان، پارێزگاری کەرکوک لە ماوەی ئەو ساڵەدا دەیان بەرپرسی کوردی دوورخستووەتەوە، هەروەها ژمارەیەک بریاری دەرکردووە کە لەلایەن چالاکانی شارەکەوە بە دژایەتیکردنی کورد لەقەڵەم دەدرێت.

هــ. ر


AM:10:07:16/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 3144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو