‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: 16 هه‌زار كورسی‌ بۆ خوێندكاره‌ وه‌رنه‌گیراوه‌كان ته‌رخان ده‌كرێت

وێستگه‌ نیوز -
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریدا به‌ زیادكردنی پلانی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، كه‌ به‌پێی پلانی زیادكراو 16 هه‌زار كورسی خوێندن بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ له‌ هیچ شوێنێك وه‌رنه‌گیراون، ته‌رخانده‌كرێت.


عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌نجامی وه‌رگرتنی خوێندكاران و قوتابیان له‌ زانكۆ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌یه‌كی ته‌واو ته‌كنیكیه‌، كه‌ به‌پێی رێنمایه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شێوازێكی ته‌واو پرۆفیشناڵانه‌ و  زانستییانه‌ جێبه‌جێكراوه‌".

عه‌باس ئه‌كره‌م وتی: "هه‌ر جۆره‌ ته‌فسیریێكی ناڕوون و نازانستییانه‌ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ بكرێت زیاتر قوتابییان تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌كات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌كه‌ ناكات، بۆیه‌ نیگه‌رانیشین كاتێك ده‌بینین نیگه‌رانییه‌كانی خوێندكاران ئیستیغلال ده‌كرێت بۆ مه‌رامی سیاسی و حزبی، كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی نه‌شیاو و ناته‌ندروسته‌، بۆیه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت به‌رچاومان روونه‌ و پلانمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م گرفته‌كان".

وتیشی‌: "له‌دوای راگه‌یاندنی ناوی ده‌رچووان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ئێستا 12 هه‌زار و 20 كورسی له‌ پلانی وه‌رگرتنی ئه‌مساڵ به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌رچووان خۆیان كه‌متر داواكاریان بۆ به‌شه‌كان پێشكه‌ش كردووه‌ و به‌وه‌ش به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هه‌لی زیاتر بۆ ده‌رچووانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاریدا به‌زیادكردنی پلانی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 10 بۆ به‌شه‌ ئه‌ندازیارییه‌كان و سه‌دا 20 بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیارانه‌ی وه‌زاره‌ت ژماره‌ی كورسی به‌رده‌ست بۆ ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ی كه‌ له‌ هیچ شوێنێك وه‌رنه‌گیراون ده‌گاته‌ 16 هه‌زار كورسی خوێندن".

عه‌باس ئه‌كره‌م دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌م كورسیانه‌ی له‌ ئه‌نجامی زیادكردنی پلان به‌رده‌سته‌، له‌ڕێگه‌ی هه‌مان سیستمی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ ده‌خرێته‌وه‌ به‌رده‌ستی ئه‌و ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ی كه‌ له‌هیچ شوێنێك وه‌رنه‌گیراون، به‌مه‌ش كۆی ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ وه‌رنه‌گیراون گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌بێـت و له‌دوو رۆژی داهاتووشدا له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و چاوپێكه‌وتنه‌وه‌ ته‌واوی ورده‌كارییه‌كان بۆ ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی روونده‌كه‌ینه‌وه‌".

عه‌باس ئه‌كره‌م راشیگه‌یاند كه‌ "هه‌رده‌م وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خۆی به‌ خه‌مخۆر و به‌رپرسی هه‌موو توێژی خوێندكاران ده‌زانێت و هه‌مووان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ر ده‌رچوویێك مافی وه‌رگرتنی هه‌بێت مافه‌كه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌رده‌كرێت و مافی نافه‌وتێت".


PM:11:51:15/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 9508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌