‌جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونه‌وه‌
‌جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌ نیوز –
له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داوای به‌رده‌وامیی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدای كرد بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان و هاریكاریی ئه‌منی و ئابووری.

ماڵپه‌ڕی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2018/10/15 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ جۆن سولیڤان جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ ژه‌نه‌رال میگی ڤادل یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هابه‌ش، دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق، ستیڤ ڤاگن كونسووڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی دیپلۆماسی و سه‌ربازیی ئه‌مریكا پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا سولیڤان پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر داعشدا، هه‌روه‌ها پشتگیریی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای به‌رده‌وامیی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدای كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هاریكاریی ئه‌منی و ئابووری.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی عیراق و هیوای خواست هه‌موو سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا و به‌پێی ده‌ستووری عیراق، حكومه‌تی تازه‌ی عیراق ده‌ستبه‌كار ببێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان تیایدا و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو.


PM:11:09:15/10/2018






ئه‌م بابه‌ته 8284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو