‌رۆژنامه‌نووسێك: بارزانی باكی‌ به‌ دروستبوونی‌ دوو ئیداره‌یی نییه‌ و پارتی‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت

وێستگه‌ نیوز -
رۆژنامه‌نوسێك ئاشكرایكرد كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆك بارزانی‌ بێباك بووه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق دوو ئیداره‌ی دروست بێت، راشیگه‌یاند كه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م ساڵح وتوویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرا، رێگه‌ نادات پێ بخاته‌ ناو شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌.


رۆژنامه‌نووس رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ له‌ مێزگردێكدا له‌گه‌ڵ رادیۆی ده‌نگی كوردی ئه‌مریكا باسی له‌ ناكۆكیی و لێكترازانی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كرد و وتی‌: "رۆژێك دوای‌ كاندیدكردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووس عارف قوربانی‌ چووینه‌ لای مه‌سعود بارزانی و هۆشداری روودانی دوو ئیداره‌ییمان پێدا، به‌ڵام بارزانی باكی نه‌بوو پێی راگه‌یاندین كه‌ با روو بدات".

وتیشی‌: "له‌ زۆربه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ پارتی‌ بیستوومه‌ كه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ دوو ئیداره‌یی‌ دروست ده‌بێت یان نا و پارتی‌ به‌دوای‌ دوو ئیداره‌ییدا ده‌گه‌ڕێت".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئاشكراشیكرد كه‌ بارزانی‌ پێوتووه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح به‌سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرا، رێگه‌ نادات پێ بخاته‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌".

رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌ر پارێزگاری‌ كه‌ركوك بدرێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌داهاتوودا یه‌كێتی‌ كه‌ركوك و هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی بكاته‌ هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ و هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌".



PM:10:05:15/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 15216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو