جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ پشتیوانیی خۆی بۆ داواكاریی خوێندكارانی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی ده‌ربڕی به‌تایبه‌ت ئه‌و خوێندکارانه‌ی كه‌ ناویان نه‌هاتوه‌ته‌وه‌، جوڵانه‌وه‌كه‌ پێی وایه‌ "ده‌سه‌ڵات به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌یه‌وێت كایه‌ی په‌روه‌رده‌ بێنرخ بكات و بازاڕیش بۆ زانكۆ و په‌یمانگه‌ ئه‌هلییه‌كان بدۆزێته‌وه‌."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 ده‌ریكردوه‌، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌ڵێت:"سەرەڕای ئەو قەیرانە یەكلەدوای یەكانەی لە 27 ساڵی رابردودا، هەردو حزبی دەسەڵات بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان-یان دروستكردوە، هەر لە قەیرانی ئابورییەوە بیگرە تا قەیرانی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەمنیی، تا دەگاتە پەروەردەیی و فەرهەنگیی، لە تازەترین كێشەدا، كە ئەم دەسەڵاتە بۆ نەوەی نوێی هەرێمەكەمانی دروستكردوە و پەیوەندیی بە ئاییندەی نەوەی نوێ-وە هەیە و هەروەها درێژەدانە بە بێنرخكردنی كایەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان دا، پرسی وەرگرتنی خوێندكارانی دەرچوی شەشی ئامادەییە لە زانكۆ و پەیمانگەكان دا، كە ئەمساڵ زیانێكی گەورە بەر زۆرینەی دەرچوانی شەشی ئامادەیی دەكەوێت."

له‌ر راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جوڵانه‌وه‌كه‌ پشتیوانیی خۆی بۆ داواكاریی ده‌رچوانی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت:" ئێمە لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، پشتیوانیی لە داوای رەوای خوێندكاران و ئەم توێژە زیندوەی كۆمەڵگاكەمان دەكەین، كە دەسەڵات بە ئانقەست دەیەوێت هەم كایەی پەروەردە و خوێندن بێنرخ بكات، هەروەها بازاڕیش بۆ زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی خێزانە بەشمەینەتەكانی گەلەكەمان، كە سێ‌ ساڵ زیاترە دۆخێكی كارەساتباری داراییان بۆ دروستكراوە، هێندەی تر بارگرانیی سەرشانیان زیاتربكرێت و ناچاربكرێن بۆ درێژەدانی رۆڵەكانیان بە خوێندن، پارەیەكی زۆر بدەن، بۆ ئەوەی كچ و كوڕەكانیان بخەنە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان. "

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "دەسەڵات بەم بێنرخكردنەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان دا، دەیەوێت هێندەی تر گەنجانی وڵاتەكەمان بێهیوابكات و لەجیاتی ئاسانكاریكردن بۆ رۆڵەكانمان، بۆ ئەوەی خزمەتی وڵاتەكەمان بكەن، بەم رەفتارانەیان، هێندەی تر خوێندكاران و گەنجانمان بێهیوادەكەن و ناچاریاندەكەن وڵات بەجێبهێڵن و رو لە ئاییندەیەكی نادیار بكەن. "

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پشتیوانیی لە خوێندكاران و گەنجانی وڵاتەكەمان دەكات،بە تایبەت ئەوانەی کە لە ئێستادا ناویان نەهاتۆتەوە و ئایندەیان نادیارە،وە پێویستە بزانین ئەوانە ئاییندە و رۆشنایی گەلەكەمانن و دەبێت ئاستەنگەكانی بەردەم خوێندنیان لاببرێت،وە لەبری دروستكردنی كێشە بۆیان، ئاسانكارییان بۆ بكرێت و بارگرانی سەر خێزانەكانیشیان كەمبكرێتەوە و ئاستی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكانیشمان بەرزبكرێنەوە. 


PM:06:52:15/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت