هادی عامری داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ چاوشئۆغڵو ده‌كات

‌هادی عامری و چاوشئۆغڵو

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح به‌پێویستی زانی توركیا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ خاكی عیراق بكشێنێته‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاش رایگه‌یاند كه‌ به‌منزیكانه‌ دۆسیه‌ی ئاو له‌نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

نوسینگه‌ی هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ عامری له‌ به‌غدا چاوی به‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌وتوه‌ و رایگه‌یاندوه‌: توركیا وڵاتێكی دۆست و پشتیوانی عیراقه‌ و داوای لێده‌كه‌ین به‌ڵێنه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ سه‌رجه‌م خاكی عیراق به‌جێ بگه‌یه‌نێت و كۆتایی به‌و دۆسیه‌یه‌ بهێنێت.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح به‌پێویستیشی زانیووه‌ هێزه‌كانی توركیا له‌ خاكی عیراق بكشێنه‌وه‌ تا به‌هۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو وڵات گرژیی تێ نه‌كه‌وێت.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌ی ستایشی هێزه‌كانی عیراقی بۆ شكستهێنان به‌ تیرۆرستان كردوه‌، سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی ئاویش رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌منزیكانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و كاریش بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ عیراق ده‌كه‌ن و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی پشكی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی بۆ عیراق زیاتر كردوه‌.


PM:06:05:11/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت