سوپاسالاری ئێران هۆشداری دەداتە حزبە کوردیەکان


ویستگە نیوز-

سوپاسالاری ئێران هۆشداری دایە حزبە کوردیەکان و ڕاشیگەیاند حکومەتی هەرێم و عێراق بەرپرسن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو حزبانە.

محەمەد حسێن باقری سوپاسالاری ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کرماشان ڕایگەیاند "نابێت بارەگای گروپەکانی دژبەری ئێران لە نزیک سنورەکانی ئێمە بوونی هەبێت و هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەرپرسیارن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە".

باقریی هۆشداریشی دایە ئەو حزب و گروپە چەکدارانەی کە لە هەرێمی کوردستانن و وتی "ئاسایشی گەلانی ئێران بابەتێکە کە هەرگیز چاوپۆشی لێناکەین".

سوپاسالاری ئێران ڕونیشیکردەوە "پێویستە وڵاتانی دراوسێ لەوانەش عێراق کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی لەخۆ دەگرێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەرکی هاوسێیەتی دژ بە گروپە چەکدارەکان ڕێوشوێن بگرنەبەر".

چەندی حزبی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانن و چالاکی سیاسی ئەنجام دەدەن و مانگی ڕابردوش ئێران بە موشەک بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی کردە ئامانج و چەندین شەهید و برینداری ڵێکەوتەوە.


AM:10:09:11/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 9332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو