سه‌دان كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ناویان بۆ پۆسته‌كانی حكومه‌تی عیراق تۆمار كردوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی نوێی عیراق، داواکارییه‌كان به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوكه‌وه‌ گه‌یشتوته‌ زیاترله‌ 800 كه‌س و سەرجەمی داواکارییەکانیش گەیستووەتە 36 هەزار.

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ئامارەکە بڵاوکردوەتوەوە ئاشکرایکردوە کە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی وەزیر بەشێوەی ئۆنلاین گەیشتووەتە 36 هەزار و شەش کەس، ژمارەی ئەوانەشی پرۆسەی كاندیدبونیان تەواوکردوه‌، 9 هەزار و 317 کەسه‌.

بەپێی ئامارەکە، ژمارەی سەربەخۆکان 97% پێکدەهێنێت و رێژەی ژنان 15% و خاوەن بڕوانامە باڵاکان 23% یە، خۆكاندیدكردنه‌كه‌ش هەموو پارێزگاکان و سەرجەم وەزارەتەکانی گرتووەتەوە .

هه‌ر له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ لە هەولێر 185، سلێمانی 156، دهۆک 96، هەڵەبجە 11 و لە کەرکوک 417 کەس داواکارییان پێشکەشکردوە كه‌ به‌تێكڕا ده‌كاته‌ 865 كه‌س.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ رایگه‌یاند: هه‌ر كه‌س له‌خۆی راده‌بینێت و خاوه‌ن ئه‌زمون و پسپۆڕیی كردارییه‌ و خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خۆی بۆ پۆستێكی وه‌زاری كاندید بكات، با به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی له‌ رێگه‌ی ئه‌م وێبسایته‌وه‌ https://iraqcabinet2018.com ناوی خۆی تۆمار بكات.


PM:10:05:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 3912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت