رێكخراوێك: خانمه رۆژنامه‌نوسه بولگارییهكه لاقهكراوه ئینجا كوژراوه
ڤیكتۆریا مارینۆڤا
وێستگه نیوزـ
رێكخراوی به‌رگری له رۆژنامه‌نوسان ناسراو به CPJ داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی بولگاریا كرد لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد له روداوی كوشتنی ڤیكتۆریا مارینۆڤا، خانمه پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی ناوخۆیی TVNی بولگاریا بكات كه میدیاكان ده‌ڵێن وێڕای لێدان و كوشتنی، لاقهش كراوه.
مارینۆڤا-ی ته‌مه‌ن 30 ساڵ رۆژی شه‌ممه 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 له ناوچه‌ی رۆس له باكوری خۆهه‌ڵاتی سۆفیای پایته‌ختی بولگاریا به‌كوژراوی دۆزرایه‌وه، میداكانی بولگاریش له‌زاری پۆلیسه‌وه ئاشكرایانكردوه كه پێش كوشتنی، ئەو خانمە لێی دراوه و ده‌ستدرێژیی سێكسیشی كراوه‌ته‌سه‌ر.
رێكخراوی به‌رگری له رۆژنامه‌نوسان ناسراو به CPJ رایگه‌یاندوه كه تائێستا نازانرێت مارینۆڤا له‌سه‌ر چالاكییه رۆژنامه‌وانییه‌كانی كوژراوه یان نا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران و پۆلیسیش وتویانه كه هه‌موو ئه‌گه‌رێك بۆ كوشتنی ئه‌و خانمه له‌به‌رچاو ده‌گرن.
دوا ده‌ركه‌وتنی ئه‌و خانمه له په‌خشی چاوپێكه‌وتنێكدا بوو كه له‌نێوان دوو رۆژنامه‌نوسی رۆمانی و بولگاری به‌ناوه‌كانی ئاتیلا بیرۆ و دیمیتار ستۆیانۆڤ سازكرابوو كه هه‌ردووكیان بۆ دوو ماڵپه‌ڕی لێكۆڵینه‌وه كاریان كردوه و ههردوكشیان به‌دوای ده‌رخستنی ئه‌و ساختهكارییانهدا گه‌ڕاون كه له بودجه‌یه‌كی ته‌رخانكراو له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپا كراوه بۆ پڕۆژه‌ی نوسینی راپۆرتێك سه‌باره‌ت به تاوان و گه‌نده‌ڵی.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه هه‌ردوو رۆژنامه‌نوسه له‌لایه‌ن پۆلیسی بولگاریاوه له مانگی ئه‌یلولی رابردوودا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.
به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی CPJ له ساڵانی رابردووش‌دا دوو رۆژنامه‌نوسی دیكه كه له بواری لێكۆڵینه‌وه‌دا كاریان كردوه له‌سه‌ر چالاكییه رۆژنامه‌وانییه‌كانیان كوژراون، یه‌كێكیان سلۆڤاكییه به‌ناوی جان كۆسیاك كه له مانگی شوباتی 2018 له سلۆڤاكیا ته‌قه‌ی لێكرا و كوژرا.
ئه‌وی دیكه‌ش خانمێكی خه‌ڵكی ماڵتا بووه به‌ناوی دافنێ كاروانا كه له ئۆكتۆبه‌ری 2107 له‌كاتی شۆفێریدا، ئۆتۆمبیله‌كه‌ی له‌نزیك ماڵی خۆی له باكوری ماڵتا ته‌قییه‌وه و كوژرا.
بۆ كوشتنی ڤیكتۆریا مارینۆڤا، خانمه پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی ناوخۆیی TVNیش، رێكخراوی CPJ داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی بولگاریا كردوه كه لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و قوڵ بكه‌ن و هۆكاری كوشتنه‌كه‌ی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكه‌ن.
PM:04:29:08/10/2018
ئه‌م بابه‌ته 9360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت