ساڵێک بەسەر کۆچی جەلال تاڵەبانیدا تێدەپەڕیت و نزیکترین هاوڕێی دەچێتە شوێنەکەی


وێستگە نیوز-

ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیدا تێدەپەڕیت و لەو کۆشکەی کە ئەو بە نەخۆشی بەجێیهێشت پێشوازی لە نزیکتترین هاوڕێی دەکرێت وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق.

٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ یەک ساڵی تەواو بەسەر کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیدا تێدەپەڕێت، کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی دوا بەرپرسیارێتی کە لە ژیانیدا وەریگرتبێت پۆستی سەرۆک کۆمار بوو، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا کاتی نەخۆشکەوتنی لە ٢٠١٢ەدا لەو پۆستەدا بوو.

چاودێران پێیان وایە ناوبراو جیا لەوەی وەک سەرۆکی عێراق ڕۆڵی خۆی بینیوە توانیویشیەتی ببێتە پارێزەری پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئەوەش دەگەڕیننەوە بۆ ئەو توانا سیاسی و دپلۆماسی و کۆمەڵایەتیەیی کە ناوبراو هەیبووە.


جەلال تاڵەبانی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندێکی بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە و دواتر لەکۆیە خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە و لە کەرکوک و هەولێر درێژەی بە قۆناغەکانی تری خوێندن داوە.

یەکەم قۆناغی کاری سیاسی تاڵەبانی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستپێدەکات و ساڵی ١٩٥٣ سەرپەرشتی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەکات و دواتر دەبێتە سەرۆکی یەکێتی لاوانی کوردستان و هێدی هێدی هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی ژیانی سیاسی ئەو خێراتر دەبێێت.

تاڵەبانی لەگەڵ هێرۆی کچی ئیبراهیم ئەحمەد نوسەر و سیاسەتمەدار، ژیانی هاسەریان پێکهێنا و ئەوەش یارمەتی زیاتری جەلال تاڵەبانی دا بۆ بەرەوپێشچون لە بواری سیاسەتدا.

لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کورردستاندا تاڵەبانی توانی تا ئاستی ئەندامی مەکتەب سیاسی پێشبکەوێت و دواتر و بەهۆی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی ئەو حزبەوە سەررپەرشتی ڕەوتێکی کرد کە پێیدەوترا جەلالیەکان و دژی سیاسەتی کۆچکردوو مستەفا بارزانی بوون.

دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلول جەلال تاڵەبانی بە هاوکاری چەند سیاسەتمەدارێکی تر، یەکێتی نشتتیمانیی کوردستانیان دامەزراند و شۆڕشی نوێی گەلی کوردستانیان ڕاگەیاند.

جەلال تاڵەبانی بەردەوام لە وتارەکانی سەردەمی شۆڕشدا دروشمێکی دوبارە دەکردەوە "دیموکراسی بۆ عێراق و فیدراڵی بۆ کوردستان" ئەوە تەنها دروشمێک نەبوو بۆ پێشخستنی شۆڕش، بەڵکوو خەونێک بوو کە تاڵەبانی تووانی بەدیبێنێت و عێراقی مەرکەزیی تاکڕەویی بکاتە عێراقێکی فیدراڵ و خۆشی ببێتە سەرۆکی ئەو دەوڵەتە فیدراڵییە.

ساڵی ٢٠٠٥ ناوبراو وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە پەرلەمانەوە متامەنی پێدرا و بووە سەرۆکی ئەو وڵاتەی کە حکومەتەکانی پێشووی زۆرترین ستەمیان لە نەتەوەکەی کردبوو، ئەو چووە جێگەی ئەو سەرۆکەی کە ئامادەبوو لە سەرجەم تاوانبارانی عێراق خۆشبێت بەڵام ئامادە نەبوو لە جەلال تاڵەبانی خۆشبێت تەنها لەبەر ئەوەی داوای دیموکراسی و فیدراڵی دەکرد و خەباتی دەکرد لەو پێناوەدا.

جەلال تاڵەبانی لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا توانی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ جییهاندا دروستبکات و هاوکات شیعە و سوننە و کوردەکانی تا رادەیەکی باش لەیەک نزیک کردەوە و ئەو پێگە سیاسیەی کە بەدەستیهێنا لەماوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا وای کرد بۆ جارێکی تریش هەڵبژێردرێتەوە.

١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢ جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق جەڵتەیەکی کتوپڕ لێیدا و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا بۆ چارەسەر.

٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ تاڵەبانی لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و دوای سێ ڕۆژ لەو بەروارەش تەرمەکەی هێنرایەوە سلێمانی و لە دەباشان بەخاک سپێردرا.

چەندین سیاسەتمەدار و کەسایەتی کورد و عێراقی پێیانوایە تێکچوونی پەیوەندی پێکهاتەکانی عێراق تا رادەیەکی زۆر لێکەوتەی مەرگی جەلال تاڵەبانییە.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییە نزیکترین هاوڕێی ئەو، کە بەرهەم ساڵحە وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەستبەکار دەبێت و هەندێک لە چاودێرانیش پێیان وایە سەرۆک کۆمارە نوێکەی عێراق دەتوانێت هەندێک لەو ڕۆڵانە ببینێت کە جەلال تاڵەبانی پێشتر مومارەسەی کردبوو لە دروستکرردنی ئاشتەوایی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی عێراقدا.


PM:02:33:03/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 4400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو