دیندار زێباری: زیاتر لە ٢٤٠ هەزار پەنابەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە


وێستگه‌ نیوز-ئێن ئاڕتی‌ 
دیندار زێباری بەرپرسی وەڵامدانەوەی‌ ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٤٠ هەزار پەنابەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە ماوەی‌ ڕابردووش زیاتر لە ٣٧ کەمپ لە هەرێم هەبووە.

دیندار زێباری لە کۆنفرانسێکی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاند، ٧٤  هەزار خوێندکاری ئاوارە لە سنوری قوتابخانەکانی هەولێر دەخوێنن و هەروەها ٥٢ هەزاریش لە سلێمانی‌ و ٩٠ هەزاریش لە دهۆک دەخوێنن کە قورساییەکی زۆری دارایی خستووەتە سەر وەزارەتی پەروەردە.

ئاماژەی‌ بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٧ کەمپی بۆ پەنابەران هەبووە و سەرجەم ئەو ئاوارەکانی‌ لە ئەنجامی شەڕەکانی سوریا و  هێرشەکانی داعش لە عێراق ئاوارەبوون تێیاندا ژیاون.

ئەوەشی خستە ڕوو، ٣ هەزار و  ٤٠٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و  زیاتر لە ٣٥ کونسوڵگەری لە هەرێم هەن.

بەرپرسی وەڵامدانەوەی‌ ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم وتیشی، لە ماوەی‌ ڕابردوودا  دوو هەزار ٦٥٢  کەس بە تۆمەتی داعش بونیان دەستگیركراون و  یەک هەزار و١٠٠ کەسیان تۆمەتەکە بەسەریاندا ساغبووەتەوە و  یەک هەزار و ٧٠ کەسیشیان بێتاوان بوون، سەبارەت بە ئێزیدیەکانیش وتی، لە ئەنجامی هێرشەکانی‌ داعش سێ هەزار و ٩٥  ئێزیدی بێسەروشوێن بوون.

 


PM:12:46:25/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت