تەڤگەری ئازادی: پەلاماردانمان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە
وێستگە نیوز-
تەڤگەری ئازادی
ڕایگەیاند ئەو هێرشەی کراوەتە سەریان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە و لەلایان
یەکێتییەوە ئەنجامدراوە.
نەریمان ئەحمەد ئەندامی
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەر بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "ئەو هێرشەی کراوەتە
سەرمان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەیە و وەڵامدانەوەی هەڵوێستی ئێمەیە کە
پێشتر ڕامانگەیاندبوو".
ئەو ئەندامەی دەستەی
بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەر وتیشی "یەکێتی نشتیمانی کوردستان داوای لێکردین پشتیوانیی
بکەین و داوا لە لایەنگرانمان بکەین دەنگ بەوان بدەن بەڵام ئێمە ڕەتمانکردەوە و
ڕامانگەیاند دەنگ بە هیچ لیستێک نادەین و تەنها پشتیوانی هەندێک کاندیدی
دیموکراتخواز دەکەین".
نەریمان ئەحمەد
جەختیشیکردەوە "هێرشەکە فشارێکە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمان بگۆڕێن بەڵام ئێمە سوورین
لەسەر هەڵوێستەکەمان و پشتیوانی هیچ لیستێک ناکەین".
درەنگانێکی
شەوی ڕابردوو هێرش کراوەتە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی و بەهۆیەوە
زەرەر بەر ئۆفیسەکەیان کەوتووە و چەند ئەندامێکی ئەو حزبەش بە سووکی بریندار بوون،
تەڤگەری ئازادی لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیەوە دوور خراوەتەوە و
ڕێگەی نەدرا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ نەوەی نوێ و بەرەی دیموکراسی گەل لیستێکیان
پێکهێنا و توانیان چوار کورسی بەدەستبهێنن کە دوان لە کاندیدە دەرچووەکان نوێنەرانی
تەڤگەری ئازادی بوون، بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان تەڤگەری ئازادی
لە بادینان پشتیوانی کاندیدانی یەکێتی کردووە و لە ڕیفراندۆمیشدا بانگەشەی بۆ
بایکۆت کردنی پرۆسەکە کرد.
AM:10:39:24/09/2018
ئهم بابهته 2996
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت