هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی هاوڵاتییانی سلێمانی كرد
هەڤاڵ ئەبوبەکر.. پارێزگاری سلێمانی
وێستگه نیوز ـ
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێگاری سلێمانی، په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی دانیشتوانی شاری سلێمانی كرد و داوای لێ‌كردن له رۆژی ده‌نگداندا هه‌موان به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن و به ده‌نگه‌كانیان گۆڕانكاری له سیستمی سیاسی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له په‌یامێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، تیایدا ده‌ڵێت: "هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، وێستگه‌یه‌كی گرنگی گۆڕینی قۆناغی ئێستای نه‌خوازراوی وڵاته به‌ره‌و ئاراسته‌ی ره‌وا و راسته‌قینه، ئێستا ته‌نها تۆی هاوڵاتی سه‌رۆك و سه‌روه‌رو بڕیارده‌ری له‌و ئه‌نجامه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه".
ده‌شڵێت: "به‌شداریكردنی تۆ زامنی بێگه‌ردیی و سه‌رخستن و نه‌خشی كۆتایی پرۆسه‌كه‌یه، ده‌نگی ره‌وای ئازادانه‌ی تۆ، دروستكه‌ره‌وه‌ی هیوایه له بێهیواییدا، به‌خشینی تین و هه‌ناسه‌یه‌كی نوێیه به خۆت و به‌خه‌ڵك و به‌خاك و به نه‌وه‌كانی ئێستا‌و ئاینده‌ی نیشتمان، نه‌خشی ره‌نگی ده‌نگی تۆ؛ ته‌لیسم و جه‌وهه‌ری دیمه‌نی لۆژیكیانه‌ی حكومه‌تێكی باش و ره‌واو خزمه‌تگوزارییه‌كی شایان و ده‌رفه‌تی كار‌و سه‌رمایه‌گوزاریی و وه‌به‌رهێنان و ئارامیی و ئاسایش و ئازادییه‌كی شیاو و دادپه‌روه‌رانه دیاریده‌كات".
پارێزگاری سلێمانی ئه‌وه‌شی وتووه: "تاكه رێگای راست هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رده، ئاماده‌یی تۆ له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان دێوزمه‌ی ساخته‌كاریی و قۆرخكاریی و خۆسه‌پێنیی ده‌سڕێته‌وه، به‌شداریكردنت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندار گیانێكی نوێ به جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی هاوڵاتیان و نیشتمان و نه‌ته‌وه ده‌به‌خشێته‌وه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه بڕیاره له 30ی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و رۆژی 28ی ئه‌م مانگه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن راده‌گیرێت.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی
به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
هاوڵاتیانی جوامێر‌و شكۆمه‌ندو له‌خۆبوردوی كوردستان..
هاووڵاتییه داكۆكیكارو خه‌مخۆرو خۆنه‌ویست و خۆڕاگره‌كانی پارێزگای سلێمانی..
هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، وێستگه‌یه‌كی گرنگی گۆڕینی قۆناغی ئێستای نه‌خوازراوی وڵاته به‌ره‌و ئاراسته‌ی ڕه‌وا و ڕاسته‌قینه، ئێستا ته‌نها تۆی هاووڵاتی سه‌رۆك و سه‌روه‌رو بڕیارده‌ری له‌و ئه‌نجامه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه، به‌شداریكردنی تۆ زامنی بێگه‌ردیی و سه‌رخستن و نه‌خشی كۆتایی پرۆسه‌كه‌یه، ده‌نگی ڕه‌وای ئازادانه‌ی تۆ؛ دروستكه‌ره‌وه‌ی هیوایه له بێهیواییدا، به‌خشینی تین و هه‌ناسه‌یه‌كی نوێیه به خۆت و به‌خه‌ڵك و به‌خاك و به نه‌وه‌كانی ئێستا‌و ئاینده‌ی نیشتمان، نه‌خشی ڕه‌نگی ده‌نگی تۆ؛ ته‌لیسم و جه‌وهه‌ری دیمه‌نی لۆژیكیانه‌ی حكومه‌تێكی باش و ڕه‌واو خزمه‌تگوزارییه‌كی شایان و ده‌رفه‌تی كار‌و سه‌رمایه‌گوزاریی و وه‌به‌رهێنان و ئارامیی و ئاسایش و ئازادییه‌كی شیاو و دادپه‌روه‌رانه؛ دیاریده‌كات.
ئه‌و تروسكاییه‌ی دایده‌گیرسێنیت؛ ده‌بێته ئامانج بۆ ئومێدی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تاركیی ڕێگای لێونكردوون.
تاكه ڕێگای ڕاست؛ هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رده، ئاماده‌یی تۆ له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان؛ دێوزمه‌ی ساخته‌كاریی و قۆرخكاریی و خۆسه‌پێنیی ده‌سڕێته‌وه، به‌شداریكردنت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا؛ گیانێكی نوێ به جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی هاووڵاتیان و نیشتمان و نه‌ته‌وه ده‌به‌خشێته‌وه.
ده‌نگی تۆ داوه‌رییه له نێوان هه‌ق و ناهه‌قدا، له نێوان ڕه‌واو ناڕه‌وادا، له نێوان داد و سته‌مدا، له نێوان باش و خراپ‌دا، له نێوان جوان و ناشیریندا، له نێوان خێر‌و شه‌ڕدا، له نێوان زام و خه‌نجه‌ردا..
بێلایه‌نیی تۆ، به‌شدارینه‌كردنی تۆ، خۆدورگرتنی تۆ، ته‌نها ئازاری ویژدان و به‌رپرسیارێتیی كه‌سیی و ئه‌خلاقیی و نیشتمانیی و ئاینیی و مێژووییت زیادناكات؛ به‌ڵكو ده‌بیته پارێزه‌ری ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر خۆت و هاووڵاتیان و وڵاته‌كه‌شدا هاتوون، ده‌بیته داپۆشه‌ری ناشیرینیی و پارێزه‌ری تاوانه‌كان، ده‌بیته درێژه‌پێده‌ری سته‌مكاریی و ناڕه‌وایه‌تییه‌كان، ده‌بیته ڕێگر له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه‌كان و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی ژیان و دیموكراسیی و به‌ها مرۆڤایه‌تییه باڵاكاندا..
دڵشكان و ساردبونه‌وه‌و تۆران و ڕه‌نجان و نائومێدبوون و بێزاربوون و شه‌كه‌تبوون و شڵه‌ژان و ده‌نگفه‌وتان و ده‌نگدزران و بێده‌نگكردن و نانبڕین و ترس و برسێتیی و بێكاریی و بێدادیی و نه‌هامه‌تیی و ساخته‌كاریی و سه‌ركه‌شێتیی؛ نابێت به‌سه‌ر ئیراده‌ی نه‌به‌زی تۆدا زاڵببن، گه‌وره‌ترین شكستی مرۆڤ كه‌وتن نییه؛ به‌زینه، تۆ نابێت ببه‌زیت، تۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه به ده‌نگت؛ بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆت ده‌سه‌لمێنی، كه‌وتن ده‌گۆڕیت بۆ سه‌ركه‌وتن، چه‌قبه‌ستوویی ده‌گۆڕیت بۆ گه‌شه، مردن ده‌گۆڕیت بۆ ژیان.
شه‌هیده‌كان؛ چاویان له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هیوایانه بێنیته‌دی كه ئه‌وان نه‌ك ده‌نگ ژیانیان پێ به‌خشین.
پێشمه‌رگه‌كان؛ چاویان له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ی به‌سنگی ئه‌وان دروستكران، له پشته‌وه نه‌درێنه به‌ر ڕه‌حمه‌تی خه‌نجه‌ری دوژمن.
موچه‌خۆران؛ چاویان له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی پاشه‌كه‌وت له گیرفان و له خوان و له ده‌ره‌تانی زه‌وتكراویان ده‌ربهێنیت.
بازرگانان؛ چاویان له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی بازگه‌كان به ڕویاندا بكرێنه‌وه، بازاڕه‌كان بژێنه‌وه.
هه‌موو هاووڵاتیان؛ چاویان له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ی ئه‌وان بكه‌ی به دوو به سێ به هه‌زار، بۆ ئه‌وان ببیت به سه‌رخه‌رو به پشتیوان.
سلێمانی؛ چاوی له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین نوێنه‌ری به‌ریته په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی و مۆدێله‌كه‌ی سه‌ربخه‌یت و ئازایه‌تیی و ئازادیی و قبوڵكردنی جیاوازیی و گیانی قوربانیدان و هه‌ڵمه‌تی مه‌ردانه‌ی په‌خشبكه‌یت.
هه‌موو دنیا؛ چاویان له ده‌نگی تۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیموكراسییه‌ی له به‌غدا كه‌وت، له كوردستان هه‌ستێته‌وه، ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئایار دزران، له ئه‌یلول بدۆزرێنه‌وه.
"هه‌ڵبژاردن؛ شاڕێگای گۆڕانكارییه‌كانه"، ده‌نگی تۆ به‌هاو ڕه‌وایه‌تیی به هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌به‌خشێت، ڕێگا بۆ گۆڕانكارییه‌كان ده‌كاته‌وه، به‌شداریكردنت ڕوبه‌ری گومان و پانتاییه‌كانی ساخته‌كاریی كه‌مده‌كاته‌وه، متمانه و ئیراده‌و به‌رده‌وامیی ده‌خوڵقێنێت، سه‌ر به سه‌ركه‌وتن ده‌به‌خشێت..
خودا پشتوپه‌نای هه‌مووان بێت..
هــ. ر
PM:11:36:23/09/2018
ئه‌م بابه‌ته 3232
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت