سه‌لیم شوشكه‌یی به‌ فه‌رمی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید كرد

‌سه‌لیم شوشكه‌یی

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

سه‌لیم شوشكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ فه‌رمی ناوی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كرد.


سه‌لیم شوشكه‌یی، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2018، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ فه‌رمی وه‌ك كاندیدی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ناوی خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كرد".

شوشكه‌یی وتیشی: "تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ من ناوی خۆم تۆمار كرد، شه‌ش بۆ حه‌وت كه‌س ناوی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كردبوو".

له‌ باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوی 22 كه‌س وه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق، كه‌له‌ ناویاندا عه‌ره‌بیشی تیایه‌، سه‌لیم شوشكه‌یی ره‌تی كرده‌وه‌ ئه‌و لیسته‌ راست بێت، له‌و رووه‌وه‌ وتی: "ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا كورده‌كانن خۆیان كاندید كردووه‌و ناوی عه‌ره‌بی تیا نییه‌".

کاتژمێر 3ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یەکشەمە 23ی ئه‌یلولی 2018، دوا وادەی تۆمار کردنی کاندیدەکان بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، هه‌ر ئه‌مڕۆش په‌رله‌مانی عیراق واده‌ی دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ بۆ كاتێكی دیكه‌ دواخست.

بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدی فه‌رمیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و فوئاد حسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2018 ناوی خۆیان تۆماركرد، تا ئێستا هه‌ریه‌ك له سروه‌ عه‌بدولواحید، په‌رله‌مانتاری پێشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عیراق وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و  سه‌ردار عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و د.کەمال عەزیز قەیتولی،‌ وه‌ك كوردی‌ فه‌یلی و عومه‌ر به‌رزنجی،‌ باڵیۆزی‌ عیراق له‌ ڤاتیكان له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ و سه‌لیم شوشكه‌یی، له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ خۆیان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید ده‌كه‌ن.

هــ. ر


PM:09:40:23/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 4776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو