به‌ره‌ی توركمانی له‌ پێشكه‌شكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌كۆڵێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

به‌ره‌ی توركمانی رایگه‌یاند دیراسه‌ی بژارده‌یه‌ك ده‌كات بۆ پێشكه‌شكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا پۆسته‌كه‌ له‌ پشكی كورده‌.

محه‌مه‌د سه‌معان، به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی به‌ره‌ی توركمان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ده‌سته‌ی جێبه‌جێكاری به‌ره‌ی توركمان له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پێشكه‌ش بكات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ پێی وایه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ پرۆسه‌ی سیاسی زیاتر له‌جارانی رابردوو شه‌فافیه‌تی پێوه‌دیاره‌، چونكه‌ پێشتر ته‌نها یه‌ك كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌مووان ده‌توانن كاندید پێشكه‌ش بكه‌ن.

محه‌مه‌د سه‌معان ئه‌وه‌شی به‌بیرهیسَناوه‌ته‌وه‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ئه‌وه‌ی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ زیاتر له‌ كاندیدێك بۆ پۆسته‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌بێت.

ئێوارەی رۆژی شه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلولی 2018، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری شاندێک گەیشتە بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی، بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و نووری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە و فالح فەیاز، سەرۆکی بزوتنەوەی ئیرادە کۆبووەوە و تاوتوێی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق و پرسی سەرۆک کۆماری له‌گه‌ڵ كردن. 

دواتر مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بەپەلەی سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگه‌یاندوه‌:" لەڕۆژی یەكەمی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای یەك هەڵوێستی و چوونە بەغدا بە یەك تیمی لەلایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئیستحقاقاتی میللەتەكەمان بە پێی دەستوری هەمیشەیی عێراق."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی وتویه‌تی: " ئەم كارەی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەك ریزی ناو ماڵی كورد و یەك هەڵوێستی نایەتەوە، بۆیە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سۆنگەی باوەڕی بە ئیستحقاقاتی سیاسی گەلەكەمان هەڵئەسێ بەكاری پێویست بۆ ڕاییكردنی سەرجەم كارە سیاسی و یاساییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ بەربژێرەكەی خۆی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا."

جگه‌له‌ به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدی فه‌رمیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و كاندیدێكی چاوه‌ڕوانكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا هه‌ریه‌ك له سروه‌ عه‌بدولواحید، په‌رله‌مانتاری پێشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆِران له‌ په‌رله‌مانی عیراق وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و و سه‌ردار عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و د.کەمال عەزیز قەیتولی،‌ وه‌ك كوردی‌ فه‌یلی و عومه‌ر به‌رزنجی،‌ باڵیۆزی‌ عیراق له‌ ڤاتیكان له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ و سه‌لیم شوشكه‌یی، له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ خۆیان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید ده‌كه‌ن.

بڕیارە رۆژی سێشەممە 25ی ئەیلولی 2018 پەرلەمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە.


PM:11:53:22/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2601 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو