سه‌رچاوه‌یه‌ك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا ئاشكرا ده‌كات

‌سەردانەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

وێستگه‌ نیوزـ

میدیا عیراقییه‌كان له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی كورده‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا، گفتوگۆیه‌ له‌سه‌ر شایسته‌كانی هه‌ڵبژاردن و پۆسته‌ به‌دیله‌كانی دیكه‌ ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌نازول له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكات.

سایتی سۆمه‌ریه‌نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی كورده‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر شایسته‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و پۆسته‌ به‌دیلانه‌ چوه‌ته‌ به‌غدا كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نازول له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكات، چ پۆستێكی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ کوردەکە كه‌ نه‌یویستوه‌ ناوی بهێنرێت، یه‌كێك له‌و پۆسته‌ به‌دیلانه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان چاوی له‌سه‌ره‌، پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ئامانجێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا، گوێگرتنه‌ له‌ بیروبۆچونی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن پێشكه‌شی لایه‌نه‌ عیراقییه‌كانی كردبوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ  شەممە 22ی ئه‌یلولی 2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبووەوە. 

له‌كاتێدا نێچیرڤان بارزانی بۆ پرسی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق له‌ به‌غدایه‌، بڕیاروایه‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ مه‌سعود بارزانی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌مان پرس سه‌ردانی شاری سلێمانی بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ وێستگه‌ نیوز-ی راگه‌یاند: بڕیاره‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2018، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی شاری سلێمانی بكات.

وتیشی، مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌ و به‌نیازه‌ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلولی 2018، فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پیرمام ڕایگەیاند "کاندیدی ئێمە بۆ سەرۆک کۆمار لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە دەستنیشان دەکرێت و دواتر لەلایەن برادەرانی ئێمە تاوتوێی دەکرێت".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی "ئێمە کە کاندیدی خۆمان هەبێت، واتای ئەوەیە بەرهەم ساڵحمان قبوڵ نییە".

کاتژمێر سێی سبەینێ یەکشەمە 23ی ئه‌یلولی 2018، دوا وادەی تۆمار کردنی کاندیدەکانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و تا ئێستاش بەرهەم ساڵح بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و چاوەڕوان دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کاندیدەکەی خۆی دەستنیشان بکات.

جگه‌له‌ به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدی فه‌رمیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و كاندیدێكی چاوه‌ڕوانكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا هه‌ریه‌ك له سروه‌ عه‌بدولواحید، په‌رله‌مانتاری پێشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆِران له‌ په‌رله‌مانی عیراق وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و و سه‌ردار عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و د.کەمال عەزیز قەیتولی،‌ وه‌ك كوردی‌ فه‌یلی و عومه‌ر به‌رزنجی،‌ باڵیۆزی‌ عیراق له‌ ڤاتیكان له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ و سه‌لیم شوشكه‌یی، له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ خۆیان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید ده‌كه‌ن.

بڕیارە رۆژی سێشەممە 25ی ئەیلولی 2018 پەرلەمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە.


PM:08:31:22/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 28130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت