خانمێكی‌ كورد خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید ده‌كات


وێستگه‌ نیوز –
خانمه‌ كوردێك بڕیاری‌ دا خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید بكات و سبەینێ رێوشوێنە یاساییەکان دەستپێدەکات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند كه‌ سروه‌ عه‌بدولواحید په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو بڕیاری‌ داوه‌ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی‌: "سبه‌ینێ‌ سروه‌ عه‌بدولواحید وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید ده‌كات".

وتیشی‌: "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ پشوو بووه‌، سروه‌ عه‌بدولواحید خۆتۆماركردنی‌ وه‌ك كاندید بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق خستووه‌ته‌ سبه‌ینێ‌ یه‌كشه‌ممه‌".

له‌ خولی‌ رابردووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراقدا سروه‌ عه‌بدولواحید په‌رله‌مانتاری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بووه‌ و دوای‌ ته‌واوبوونی‌ ئه‌و خوله‌ش وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسی‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

به‌پێی رێككه‌وتنی سیاسی كورد و شیعه‌ و سوننه‌، پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق پشكی‌ پێكهاته‌ی‌ كورده‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رۆژی‌ 25ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ دیاریكردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌.

تا ئێستا یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ فه‌ڕمی‌ د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندیدكردووه‌، به‌ نافه‌ڕمیش له‌تیف ره‌شید، كه‌ له‌ ده‌نگدانی نهێنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌ك ده‌نگی هێنا، خۆی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید ده‌كات.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش له‌ سه‌ر زاری‌ مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ فه‌رمییه‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی‌ ئه‌وان نییه‌ و كه‌سێك بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كه‌ن.

تا ئێستاش هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ردار عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان وه‌ك سه‌ربه‌خۆ، د.کەمال عەزیز قەیتولی‌ وه‌ك كوردی‌ فه‌یلی‌، عومه‌ر به‌رزنجی‌ باڵیۆزی‌ عیراق له‌ ڤاتیكان له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ و سه‌لیم شوشكه‌یی له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ خۆیان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید ده‌كه‌ن.


PM:01:11:22/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 34838 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت