‌پۆلیسی گه‌رمیان: دوو هاككه‌رمان ده‌ستگیر كرد
‌رێگەکانی ساختەکاری و قۆڵبڕی زیاد دەبن

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاند، له‌سه‌ر هاككردنی فه‌یسبوكی به‌شێك له‌ هاوڵاتییانی ناوچه‌كه‌و داواكردنی پاره‌ له‌و رێگه‌وه‌ دوو كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌و دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌.


عه‌لی جه‌مال قدووری، وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "دوای ئەوەی هاوڵاتیەک لەناحییەی رزگاری سکاڵای هێنایە لای پۆلیس کە کەسێک فەیسبووکی هاک کردوەو لەبەرامبەردا داوای مەبلەغێک پارەی لێ کردووە، بنکەی پۆلیسی رزگاری سەربەقەزای کەلار دوای لێکۆڵینەوە توانیان دووتۆمەتبار دەستگیربکەن و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان بەتاوانەکەدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەروبەپێی مادەی 2ی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 بەندکراون".

عه‌لی جه‌مال وتیشی: "داواكارین له‌ هاوڵاتییان هه‌ركه‌سێك دووچاری كێشه‌ی هاوشێوه‌ بووه‌ته‌وه‌ نه‌كه‌وێته‌ داوی ئه‌و هاككه‌رانه‌وه‌ و با بڕوات له‌ نزیكترین بنكه‌ی پۆلیس سكاڵا تۆمار بكات بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌كه‌ بنه‌بڕ بكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی فه‌یسبوكیان هاك ده‌كرێت سكاڵا تۆمار نه‌كه‌ن، ره‌وایه‌تی به‌و كاره‌ ده‌درێت و كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نابێت".


PM:11:08:21/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 7228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌