كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق په‌یامێك ئاراسته‌ی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئێران ده‌كات

‌سه‌ردار عه‌بدوڵا، كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌ردار عه‌بدوڵا، كه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كردوه‌، په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئێران كرد و داوای لێكردن ئه‌و وڵاتانه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له‌ عیراق راسپێرن واز له‌ "ده‌ستوه‌ردانی ناشایسته‌" له‌ پێكهێنانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و حكومه‌ت بهێنن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته‌ وێستگه‌ نیوز، سه‌ردار عه‌بدوڵا، كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌ڵێت: " داوا له‌ سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و شانشینی یه‌كگرتوو و كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌م، نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان راسپێرن كه‌ واز له‌ هه‌موو جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێك له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و حكومه‌تی عیراق بهێنن".

سه‌ردار عه‌بدوڵا، رایگەیاندوە: " له‌وكاته‌ی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ عیراق پته‌وترین په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تیی له‌سه‌ر بنه‌مای رێز له‌گه‌ڵ هه‌مواندا هه‌بێت و ئه‌وكاته‌ی ده‌ستی هاوكاری بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی راستودروست درێژ ده‌كه‌ین، هه‌ر له‌ هه‌مان كاتدا هه‌موو جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێك ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان ده‌كرێت."

سه‌ردار عه‌بدوڵا راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ عیراق له‌ژێر راسپارده‌ یان ئینتیداب یان هیچ هێزێكی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا نییه‌ و دیاریكردنی سه‌رۆكایه‌تی و نوێنه‌ره‌كانی له‌ حكومه‌تی داهاتوودا پرسێكی نیشتمانیی عیراقییه‌.

ئه‌و كاندیده‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق داواشی له‌ هه‌مووان كردوه‌ "رێز له‌ بژارده‌كانی گه‌لی عیراق و نوێنه‌ره‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراو بگرن" و ده‌ڵێت: "لێره‌وه‌ داوا له‌ نوێنه‌رانی ئه‌و وڵاته‌ دۆستانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌جۆرێك ماڵه‌ بكه‌ن كه‌ شیاوی عیراق بێت، چونكه‌ ئه‌وان نوێنه‌ری وڵاتانی دۆستی عیراقن و په‌یوه‌ندیی به‌هێزمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عیراق و هه‌موو وڵاتانه‌".

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شیدا سه‌ردار عه‌بدوڵا وتویه‌تی: "داوای راستگۆیانه‌ له‌ براكانمان له‌ سه‌ركرده‌كانی عیراق و هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان ده‌كه‌ین، هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له‌پێناو وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی هه‌موو جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێك".

دوپاتیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئه‌وه‌ كه‌سی كه‌ ده‌یه‌وێت خزمه‌تی وڵات و گه‌له‌ه‌ی بكات له‌ پێگه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌بێت دواجار پشتیوانیی گه‌ل و نوێنه‌ره‌كانی له‌ په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراو به‌ده‌ست بهێنێت".

رۆژی 17ی ئه‌یلولی 2018، سه‌ردار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری پێشووی گۆڕان له‌میانی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ گه‌شتی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ كه‌ناڵێكی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار عیراق كاندید ده‌كه‌م و داوا له‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌م پشتیوانیم بكه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتنم و وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ و به‌نیازیشم به‌ڵگه‌ی یاسایی خۆم بۆ خۆ كاندیدكردن بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشكه‌ش بكه‌م".

سه‌ردار عه‌بدوڵا له‌ خولی پێشووتری په‌رله‌مانی عیراق (خولی دووه‌م) په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، ماوه‌یه‌كیش پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی فراكسیۆنه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌برد و دوای ته‌واوبونی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان،‌ وازی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێناو ئێستا وه‌ك چاودێرێكی سیاسی كار ده‌كات.


PM:01:42:21/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 13534 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت