عیراق باڵیۆزی خۆی له‌ ئێران بانگهێشت ده‌كاته‌وه‌

‌باڵیۆزی عیراق لەکاتی وەرگرتنی مایکەکە

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق بڕیاریدا راجح موسه‌وی، باڵیۆزی عیراق له‌ تاران له‌پای ئه‌و "ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسیارانه‌ی" له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی عیراق له‌ ئێران بانگهێشت بكاته‌وه‌.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، راجح موسه‌وی له‌پڕ مایكه‌كه‌ له‌ ده‌ستی یه‌كێكی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌ عیراقییانه‌ی نیشته‌جێی ئێرانن، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی عیراقییه‌كان چه‌ند پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانیان ئاراسته‌ی ئه‌و باڵیۆزه‌ ده‌كه‌ن.

موسه‌وی زۆر بە توڕەیی به‌ هاوڵاتیانی خۆی ده‌ڵێت: "من له‌به‌رده‌متاندا بچوك نیم و ئێوه‌ش زمانتان درێژ مه‌كه‌ن..ئەوە وڵاتەکەتانە بڕۆنەوە بۆ ئەوێ."

موسه‌وی ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ وه‌ڵامی هاوڵاتیانی خۆی بداته‌وه‌ و پێی وتون: "له‌ دادگا دانه‌نیشتوم، بڕۆن بۆلای سه‌رۆك وه‌زیران و حكومه‌ت"، ئه‌و باڵیۆزه‌ ئه‌مه‌ی وت و مایكه‌كه‌ی فڕێدا و كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌جێهێشت.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئه‌و ره‌فتاره‌ی راجح موسه‌وی به‌ نابه‌رپرسیارانه‌ له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی داوایكردوه‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌و باڵیۆزه‌ بانگ بكرێته‌وه‌ به‌غدا و لێكۆبَینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر بگیرێته‌به‌ر.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق داواشی له‌ سه‌رجه‌م نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كانیشی كردوه‌، له‌ خزمه‌ هاوڵاتیانی عیراقدا بن و شه‌ونخونی بۆ خزمه‌تكردنیان بكه‌ن، داواشی له‌ باڵیۆزخانه‌ی عیراق له‌ تاران كردوه‌ ببێته‌ ماڵێك بۆ ره‌وه‌ندی عیراق له‌و وڵاته‌.



AM:08:53:21/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 23397 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت