پۆلیسی سلێمانی: باوکێک دوو منداڵی خۆی به‌ لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ فڕێدایه‌ شەقام

‌دیمەنێک لە شاری سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، باوکێک دوو منداڵی خۆی فرێداوەتەسەر شەقام و بەوهۆیەشەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراوە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "کاتژمێر سێی شەوی رابردوو و لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی باوكێك دوو منداڵی خۆی بە لێدان و ئەشكەنجە فڕێدەداوەتە سەر جادە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس  گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی حه‌وتی خێزانی تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە.

ئاشکراشیکردووە، لە ئێستادا منداڵەكان بۆ خانەی چاودێری مێردمنداڵان لە شاری سلێمانی گواستراونەتەوە.

ئەوەشی خستووتەڕوو، لەلایەن بنكەی پۆلیسی راپەڕینەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، هەر شەوی رابردوو و لە گەڕەکی راپەڕین چەند کەسێک هەڵیانکوتاوەتەسەر سوپەرمارکێتێک و دەستڕێژی گوللەیان کردووە، بەوهۆیەشەوە کەسێک بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین و بە هاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن توانراوە لە ماوەیەكی كەمدا حەوت تۆمەتباری ڕوداوەكە دەستگیر بکرێن و دەستیشگیراوە بەسەرچەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و چەند گوللەیەكدا.

هــ. ر


PM:12:30:20/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 9880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو