وته‌بێژی‌ پارتی‌: كاندیدمان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق ده‌بێت

‌مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی‌

وێستگه‌ نیوز –
وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ یه‌كێتی، تاكلایه‌نه‌ به‌رهه‌م ساڵحیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پاڵاوتووه‌، ئاشكراشیكرد كه‌ كاندیدیان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق ده‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "پۆستی سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق ئیستحقاقی گه‌لی كوردستانه‌ و نابێ هیچ لایه‌نێك ته‌نیا به‌ موڵكی خۆی بزانێت".

مه‌حمود محه‌مه‌د وتی‌: "ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ جێگری سكرتێری گشتی و به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی، خواست و هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ بوو وه‌ك چۆن به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌ك به‌رنامه‌یه‌یی له‌ به‌غداین، هه‌رواش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێكبكه‌وین".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "وه‌كو ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن به‌حه‌قی خۆمان زانی  پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ چه‌ند جارێكه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ كاندیدی بۆ دیاری كراوه‌، ئه‌م جاره‌یان له‌ لایه‌ن پارتیمانه‌وه‌ و به‌ كاندیدی پارتیمان پر بكرێته‌وه‌، له‌م باره‌وه‌ش پێشنیار و را گۆڕینه‌وه‌مان هه‌بووه‌".

وته‌بێژی‌ پارتی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "بڕیار وابوو برایانی یه‌كێتی دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئاگاداریان نه‌كردینه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌كانه‌وه‌ بیستمان كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحیان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی، تاكلایه‌نه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پاڵاوتووه‌".

وتیشی‌: "ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ پۆستی سه‌رۆكی كۆمار ئیستحقاقی گه‌لی كوردستانه‌ و نابێ هیچ لایه‌نێك ته‌نیا به‌ موڵكی خۆی بزانێت، بۆیه‌ پارتیمان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندیدی خۆی ده‌بێت".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ ره‌سمی‌ به‌رهه‌م ساڵحی‌ كاندید كرد بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق.


PM:08:37:19/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 13320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو