بارزانی‌: پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی دابمه‌زرێت

‌مه‌سعود بارزانی‌

وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كه‌ لایه‌نی كوردستانیش تێیدا به‌شدار بێت دابمه‌زرێت، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ پارتی توانی ببێته‌ حزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عیراق.

میدیاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ی‌ ئه‌یلولی‌ 2018 مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و پیاماقوڵان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان و چینوتوێژه‌كانی شاری هه‌ولێر كۆبۆوه‌.

له‌ سه‌ره‌تای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی و ره‌وشتی به‌رزی به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی لێقه‌وماو و میواندۆستیی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێری كرد و رایگه‌یاند كه‌ "ئێوه‌ سه‌لماندووتانه‌ نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ر و خاوه‌ن ره‌وشتێكی به‌رزن و به‌و ره‌وشته‌ به‌رزه‌تانه‌وه‌ نه‌تانهێشت ئاسایشی شاره‌كه‌تان تێكبچێت و به‌وه‌یش خزمه‌تێكی گه‌وره‌تان به‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی كوردستان كرد".

بارزانی ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی جوامێرانه‌ی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر كرد له‌ حه‌واندنه‌وه‌ و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان و میواندۆستییان و نموونه‌ی دیاریشی له‌ كاتی ئه‌نفالی بارزانییه‌كانه‌وه‌ تا ئێستا كه‌ هه‌میشه‌ میواندارێكی رووخۆش بوونه‌ و رایگه‌یاند: "ئێوه‌ سه‌لماندووتانه‌ نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ر و خاوه‌ن ره‌وشتێكی به‌رزن و ئه‌و ره‌وشته‌ به‌رزه‌ له‌ هه‌ولێر پیرۆز بێت".

بارزانی وتی‌: "خه‌ڵكی هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای ئێش و ئازار و سه‌ختییه‌كان به‌و ره‌وشته‌ به‌رزه‌یانه‌وه‌ سه‌قامگیریی شاره‌كه‌ و ناوچه‌كه‌یان تاڕاده‌یه‌كی زۆر پاراست و هاوكارێكی گرینگیش بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌موو كوردستان".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ وته‌كانیدا سه‌رۆكی‌ پارتی‌ ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ كرد و باسی هۆكاره‌كانی بڕیاردانی گه‌لی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم و قۆناغی دوای ریفراندۆم و "خیانه‌ت"ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌م "خیانه‌ته‌" له‌سه‌ر ته‌واوی كوردستان، كرد و راشیگه‌یاند كه‌ "دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا هه‌موو هه‌وڵێكیان دا خه‌ڵكی عیراق دژی گه‌لی كوردستان هان بده‌ن و جیاوازیی و كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران بكه‌نه‌ كێشه‌ی نێوان كورد و عه‌ره‌ب، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاری رابردوو ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ خه‌ڵكی عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌وان نین و خه‌ڵك باوه‌ڕیان به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی ئه‌وان نه‌كردووه‌ و ئه‌و ده‌موچاوانه‌یان سزا دا كه‌ گه‌لی كوردستانیان ئازار داوه‌".

له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی كوردستان و عیراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاری ئه‌مساڵ بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بارزانی باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "ئه‌گه‌رچی ناحه‌زان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هۆی پشتیوانیی ته‌واوی بۆ ریفراندۆم كه‌وتۆته‌ ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و هه‌ڵده‌وه‌رێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ به‌هیممه‌تی كادیران و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان، پارتی توانی ده‌نگی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عیراقدا مسۆگه‌ر بكات و ببێته‌ حزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عیراق".

ئاماژه‌شی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كرد و وتی‌: "ئێمه‌ به‌رده‌وام باوه‌ڕمان وابووه‌ كه‌ تا له‌گه‌ڵ عیراق بین پێویسته‌ باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت و هه‌میشه‌ ئاشتی و گفتوگۆ بژارده‌ی ئێمه‌ بووه‌، ئێمه‌ شه‌ڕمان نه‌ویستووه‌ و دژی شه‌ڕین، به‌ڵام كه‌ ناچار كرابین ئه‌وه‌ پارتی خۆی به‌خت ده‌كات بۆ پاراستنی خاك و كه‌رامه‌تی گه‌لی كوردستان".

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكی‌ پارتی‌ سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان و قاره‌مانێتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان و شه‌ڕی به‌رگری له‌ كه‌رامه‌ت و خاكی نیشتیمان و رایگه‌یاند كه‌ "ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزاری پێشمه‌رگه‌ین، چونكه‌ ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ بوو كه‌ هه‌موو هاوكێشه‌كانی گۆڕی و كوردستانی پاراست".

سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كانی ئێستای نێوان لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، بارزانی رایگه‌یاند كه‌ "دانوستانی چڕ و تاڕاده‌یه‌ك تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كه‌ لایه‌نی كوردستانیش تێیدا به‌شدار بێت دابمه‌زرێت، ئه‌ویش بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تاكڕۆیی له‌ حوكمڕانی و پێویسته‌ بڕیاره‌ ستراتیژییه‌كان له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌وه‌ ده‌ربچن".
وتیشی: "ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ده‌بێته‌ گرێنتییه‌ك بۆ پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی عیراق و رێگه‌گرتن له‌ بڕیاری تاكڕه‌وانه‌".
ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ "ئێمه‌ پێداگری ده‌كه‌ین كه‌ نابێ حوكمی تاكڕه‌وی هه‌بێت و پێویسته‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر سێ پره‌نسیپی سه‌ره‌كی دابمه‌زرێت: شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیاره‌كان، كه‌ به‌بوونی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی ده‌كرێت، پابه‌ندبوون به‌ ته‌وافق له‌ ده‌رچوونی یاساكان و راگرتنی هاوسه‌نگیی له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌نێوان پێكهاته‌كاندا".

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستانیشه‌وه‌ بارزانی رایگه‌یاند كه‌ "پشتیوان به‌ گه‌له‌كه‌مان، پارتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ وه‌ده‌ست ده‌هێنێت و به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش حكومه‌تێكی به‌هێز و تۆكمه‌ دێته‌كایه‌وه‌ كه‌ بتوانێ چاكسازیی ریشه‌یی له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان بكات".

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "پارتی به‌ڵێنی بێ كرده‌وه‌ نادات، ئێمه‌ خاوه‌ن ئامانجێكی ستراتیژیین و به‌پێی سیاسه‌تی رۆژ هه‌ڵوێست ناگۆڕین و هیچ پاشه‌كشه‌یه‌كیش له‌و ئامانجه‌ ستراتیژییه‌ ناكه‌ین. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیش ئامانجی ستراتیژی هه‌بێت ده‌بێ ئاماده‌بێت گیانی خۆی له‌پێناویدا به‌خت بكات، بۆیه‌ پارتی هه‌میشه‌ له‌پێناو پاراستن و به‌خته‌وه‌ریی گه‌له‌كه‌ماندا خۆی به‌خت ده‌كات".

له‌كۆتاییشدا بارزانی دڵنیایی به‌ ئاماده‌بووان و خه‌ڵكی كوردستان به‌خشی و رایگه‌یاند كه‌ "بڕوای ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان سه‌رده‌كه‌وێت".


PM:06:52:19/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو