هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ڤیتۆم لەسەر هیچ كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نییە

‌دیمەنێک لە کۆبونەوەکە

وێستگه‌ نیوزـ

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق دیاری ده‌كات و وه‌ك خۆشی ڤیتۆی لەسەر هیچ كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ نیە و پشتگیری هیچ كاندیدێكیش ناكات.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی یه‌كێتی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلولی 2018، لە دەباشان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی چاویان بە برێت ماكگۆرك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كەوت.

 لە دیداره‌كه‌دا دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و  ستیڤ ڤەیگن، كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون هەردوولا گفتوگۆیان كرد لە بارەی پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكە و گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

لەبارەی تێڕوانین و بڕیاری سیاسیی یەكێتی بۆ هەرێم و عیراق، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی راشكاوانە دوان و رایانگەیاند: "یەكێتی باوڕیی بە یەكڕیزی نیشتیمانی هەیەو لەو سۆنگەیەوە دەیەوێت كورد وەك یەك تیم لە ناوەند كاربكات و یەك بۆچوون هەبێت بۆ پرسەكان.

سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆماری عیراقیش ئەوەیان تەكیدكردەوە ئەو پۆستە پشكی كوردەو لە ناو كوردیش بۆ یەكێتیە، لەو روەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد  وتی: ڤیتۆم لەسەر هیچ كاندیدێكی یەكێتی نیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق و پشتگیری هیچ كاندیدێكیش ناكەم، ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدی یەكێتی بۆ  ئەو پۆستە دەستنیشان دەكات.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی هەرێمی كوردستانیش، وتی: "ئەگەر چی لە كێبڕكێداین و لە بانگەشەی هەڵبژاردنین بەڵام هەر دەمانەوێت ئاشتەوایی سیاسی تێك نەچێت و یەكڕیزی بپارێزین دوور لە تەخوینكردن و زمانی زبر بانگەشەی خۆمان بكەین و نەبینە هۆی تێكدانی ژینگەی كۆمەڵایەتی و لێكترازانی زیاتر."


به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ لە بەرامبەردا برێت ماكگۆرك رایگەیاندوه‌: "ئەمریكا عیراق جێناهێڵێت و پشتگیری لە كوردیش دەكەین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیش بە باشی بەڕێوەدەچێت و پشتگیری سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراقیش دەكەین."

وتیشی: لەگەڵ ئەوەداین یەكێتی یەك كاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پێویستە ئەو كاندیدە ئەزمونی لەگەڵ بەغدا و  لایەنە عیراقیەكان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتان هەبێت. 

برێت ماكگۆرك ئەوەشی ئاشكراكردووه‌ كه‌ پشتگیری لەو پرۆژانە دەكەن كە یەكێتی ناو یەكێتی دەپارێزێت و ئەوان یەكێتییەكی یەگرتوو بەهێزیان لەگەڵ سلێمانیەكی ئارامدا دەوێت.


PM:09:14:18/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 4380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو