فازڵ میرانی: ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوین کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت

‌فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کور

وێستگه‌ نیوز ـ
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەون، کاندیدی جیاوازیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق.


فازڵ میرانی، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتی: "دوو مانگ لەمەوپێش بەگوێچکەی یەکێتیدا چپاندمان، کە پۆستی سەرۆک کۆمارمان دەوێت، بەڵام برادەرانی یەکێتی بە جدییان وەرنەگرت وایانزانی ئێـمە وەک"معامەلە"یەک ئەم قسەیە دەکەین".

جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەوا دوو کاندیدی جیاوازیان دەبێت، هیواشی خواستووە ئەوە روو نەدات.

سەبارەت بەوەی دەوترێت پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆمار داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکات، فازڵ میرانی دەڵێت: "کەرکوک پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقەوە نییە، ئێـمە و برادەرانی یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەشمان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک داناوە ئەگەر حکومەتی عیراق دۆخی کەرکوکی ئاسایی کردەوە ئەوا ئێـمە و برادەرانی یەکێتی لەسەر پارێزگارێکی کورد دەگەینە رێکەوتن ئەوە بە گرفتێک نازانین".

لەبارەی هەواڵی خۆکاندیدکردنیشی بۆ ئەو پۆستە، فازڵ میرانی رایگەیاند، لەلایەن حزبەکەیەوە  هیچی لەو بارەیەوە پێ نەوتراوە و سیڤیشی ئامادە نەکردووە، هەروەها پرسی خۆکاندیدکردنی لە میدیاکانەوە بیستووە.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بارەی پۆستی جێگری دووەمی پەرلەمانی عیراقەوە دەڵێت: "ئەگەر ئێمـە ئەو کاندیدەمان نەبوایە، ئەوا کەسێک لەسەر حسابی کورد ئەو پۆستەی وەردەگرت بە دوو کورسیەوە، کە ئەوە نە مافە نە ویژدانییە، بەڵکو ئەوە مافی دوو هێزی گەورە و حکومڕانی وەک پارتی و یەکێتیە".

هەروەها فازڵ میرانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە فوئاد مەعسوم گرتووە و دەڵێت: "ئەگەر من ببمە سەرۆک کۆمار، لەوێ دانانیشم بە تەنها "موخەسەسات" وەربگرم و هەر فشارێک لە کورد کرا بێدەنگ لەوێ دانانیشم".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، میرانی ئاماژەی بەوەدا: "ئەگەرچی دوو هاوپەیمانییە گەورە عیراقییەکەی پێکهاتووە مەمنوونمان بوون و فشاری هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبوو، بەڵام کورد نەیویست بچێتە ناو ئەو ململانێیەی نێوان لایەنە عیراقییەکان، ئێستا ئێمە قازانجمان کرد".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە گفتوگۆی پارتی و یەکێتی کرد لە بەغدا و رایگەیاند: "ئێمە و یەکێتی پڕۆژەیەکی هاوبەشمان بردە بەغدا، حەزماندەکرد ئەو پڕۆژەیە هی هەموو لایەنەکان بێت، داوامان لە لەلایەنە عیراقییەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر شێوەی کارکردنی جاران و مافی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و شەهیدەکانمان لەچوارچێوەی بەرنامەی حکومەتی عیراق بێت، خۆشبەختانە ئەو لیستانەی گەورەن لە بەغدا لەبارەی داواکارییەکانی کوردەوە دەڵێن شتیواتان داوا نەکردووە کە بە ئێمە نەکرێت هەموو داواکارییەکانتان دەستوورین و لەجێی خۆیدان".

میرانی لە بارەی رێککەوتنی لایەنە عیراقییەکان لەگەڵ کورد بۆ حکومەتی داهاتووی عیراق دەڵێت: "جۆرێک لە رێککەوتن هەیە لە نێوان فەتح، سائیروون، بەشێک لە سوننە، زۆرینەی کورد (ئێمە و یەکێتی) بەنیازین"فەزایەکی نیشتمانی"دروستبکەین، چونکە کە ئەم "فەزایە"مان دروستکردەوە نەک لیستی گەورە، ئەگەر لیستی گەورە بێت دواتر لەناو پەرلەمان دووبارە پێویستمان بە(50+1) دەبێت بۆ دەنگدان بە کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێککەوتنەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رەتیکردەوە کورد ببێتە ئۆپۆزیسیۆن لە حکومەتی داهاتووی عیراق و رایگەیاند، ئێمە وەک پارتی و یەکێتی بەرپرسیارێتی میللەتێکمان لەملدایە، ئەو بەرپرسیارێتییە بە ئۆپۆزیسیۆن بوون جێبەجێنابێت، میللەتێک نابێتە ئۆپۆزیسیۆن، ئێمە بەتەنها حیزبی سیاسی نین.


هــ. ر


AM:09:52:18/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو