حزبی شیوعی بەیاننامەیەکی له‌سه‌ر خۆپیشاندانەكانی به‌سره‌ بڵاوکردەوە

‌دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە

وێستگه‌ نیوز ـ
مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، لە کاتێکدا لە هۆڵە داخراوەکان و  هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان دانیشتنەکان  ئەنجام دەدرێن، جەماوەرێکی فراوانی پارێزگاکانی باشوری عیراق بەتایبەتی پارێزگای بەسرا لە رەوشێکی ئێجگار دژواردا دەژین، بەرادەیەک ئاوی شایەنی خواردنەوە دەست ناکەوێ.


مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌: لە کاتێکیدا لە هۆڵە داخراوەکان و  هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان دانیشتنەکان  ئەنجام دەدرێن، جەماوەرێکی فراوانی پارێزگاکانی باشوری عیراق بەتایبەتی پارێزگای بەسرا لە رەوشێکی ئێجگار دژواردا دەژین، بەرادەیەک ئاوی شایەنی خواردنەوە دەست ناکەوێ، ئەمە جگە لەوەی کە 22 هەزار کەس لە خەڵکی ئەو شارە بە هۆی ئاو و خواردنەوە، ژەهرخواردوو و تووشی سکچوون بوون بە جۆرێک نەخۆشخانەکان توانای چارەسەرکردنیانی نییە.

راشیگه‌یاندووه‌: تێکرای ئەم رەوشە وای کرد خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو پارێزگایە مانگرتن و خۆپیشاندانی خۆیان رابگەیەنن، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئاگر و ئاسن مامەڵەیان لەگەڵ کردن و لە ئاکامی ئەمەشدا چەندین کەس لە خۆپیشاندەران شەهیدبوون.

ده‌شڵێت: "بە هۆی ئەم رووداوانەوە حزبمان داوا دەکا دەسبەجێ شاڵاوی داپلۆسین دژ بە جەماوەری بەسرا رابگیرێت، پشتگیری خۆی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئەم شارە رادەگەیەنێت".

حزبی شیوعی كوردستان ده‌شڵێت: "لەم بارودۆخەدا لایەنەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە کە بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوون کە ئەمەش پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عیراق دەگرێتەوە و لەگەڵ بەشێک لە رەوتی سیاسی سوننە هێندەی خەریکی کۆکردنەوەی لایەن و ئەندام پەرلەمانی عیراقن بۆ پێکهاتەکەیان خەمخۆری داواکارییە هەنوکییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی باشور نین، بەهەمان شێوە داواکاریه‌ رەواکانی خەڵکانی پارێزگاکانی رۆژئاوای عیراق کە لەشەڕی تیرۆردا وێرانکران و تائێستا ئەمن و ئاسایشیان فەرامۆش کراوە، و مەتەرسی تیرۆری داعش بە هۆی ئەو سیاسەتانە و دەستێوەردانی دەرەکی لە ئارادایە".

ئەمە لەکاتێکدایە خۆپیشاندانی خەڵکی بەسرە دژی نەبوونی ئاوی خاوێن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر بەردەوامە و شەوی رابردوو پێنج کەس کوژران و دەیانی تر برینداربوون.



ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی حزبی شیوعی كوردستان:

یەکریزی هێزە چەپ و دیموکراسییە مەدەنییەکانی عیراق و بەرنامەی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان ئەرکێکی پێویستە!

جارێکی دیکە، ناکۆکی و ململانێیەکان دەستپێکی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو، و لە ئاکامیشدا لەسەر چەمکی پێکهاتەی زۆربەی پەرلەمانی رێکنەکەوتن، و دیسانەوە ئەم بابەتەیان بۆ دادگای دەستوری ناردەوە کە کاتی خۆی لە 2010 ئەم بابەتەی بە مەرامی سیاسی ئالۆزتر کرد.

هەڵبەتە ئەو چاوپێکەوتن و دانیشتنانەی پێش ئەو کۆبونەوانەش نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدرابوون و لەگەڵ جموجۆڵی و دیداری نوێنەری ئیدارەی ئەمریکا و حکومەتی ئێران هاوکات بوون، و پاشتریش سەواداکردنی هەندێ لایەن و پەرلەمانتاری عێراق بە شوێنی خۆیان و سەنگەرگۆڕینیان کە راگەیاندنەکان بە بورسەی ئەنجومەنی نوێَنەرانی عێراق ناوی دەبەن، تێکرای ئەم بابەتانە بە کۆ  ئاماژەیە بە قەیرانی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا.

لە کاتێکیشدا لە هۆڵە داخراوەکان و  ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکان دانیشتنەکان  ئەنجام دەدرێن، جەماوەرێکی فراوانی پارێزگاکانی باشوری عیراق بەتایبەتی پارێزگای بەسرا لە رەوشێکی ئێجگار دژواردا دەژین، بەرادەیەک ئاوی شایەنی خواردنەوە دەست ناکەوێ، ئەمە جگە لەوەی کە بیست ودوو هەزار کەس لە خەڵکی ئەو شارە بە هۆی ئاو و خواردنەوە، ژەهرخواردوو و تووشی سکچوون بوون بە جۆرێک نەخۆشخانەکان توانای چارەسەرکردنیانی نییە. تێکرای ئەم رەوشە وای کرد خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو پارێزگایە مانگرتن و خۆپیشاندانی خۆیان رابگەیەنن، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئاگر و ئاسن مامەڵەیان لە گەڵ کردن و لە ئاکامی ئەمەشدا چەندین کەس لە خۆپیشاندەران شەهیدبوون. بە هۆی ئەم رووداوانەوە حزبمان داوادەکا دەسبەجێ شاڵاوی داپلۆسین دژ بە جەماوەری بەسرا رابگیرێت، و پشتگیری خۆی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئەم شارە ڕادەگەیەنێت.  
 
 لەم بارودۆخەدا لایەنەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە کە بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوونە کە ئەمەش پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق دەگرێتەوە و لەگەڵ بەشێک لە ڕەوتی سیاسی سننە هێندەی خەریکی کۆکردنەوەی لایەن و ئەندام پەرلەمانی عێراقن بۆ پێکهاتەکەیان خەمخۆری داواکارییە هەنوکییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی باشور نین، و بەهەمان شێوە داواکاری ڕەواکانی خەڵکانی پارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق کە لەشەڕی تیرۆردا وێرانکران و تائێستا ئەمەن و ئاسایشیان فەرامۆش کراوە، و مەتەرسی تیرۆری داعش بە هۆی ئەو سیاسەتانە و دەستێوەردانی دەرەکی لە ئارادایە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ئەو لایەنانە تا ئیستا هیچ بەلێنێکیان بە داواکارییە ڕەواکانی لایەنە کوردستانییەکان نەداوە و تەنانەت هەندێکیان ئامادەی گفتوگۆکردنیشیان لەسەر خاڵەکانی ئەو داواکارییانە نییە کە هەرهەمووشیان بە گوێرە دەستورەی عێراقە کە پێشێل دەکرین و لە روانگەی لایەنەی زۆربەوە  لێکدەدرێتەوە.

ئەم تابلۆ سیاسییەی کە لە ئارادایە و پێشتریش دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو ساختەکارییەی تێیدا ئەنجام درا و سوتاندنی بەشێک لە سندوقەکان و ئامێرەکان، گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن کە قەیرانی بنیادی دەولەت رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، و تەنانەت حکومەت توانای خزمەتکردنی خەڵکی نییە، وناتوانێت ڕادەی هەرەنزمی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکی دابین بکات. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان رێگای لە بوونی بەرنامەی رادەی نزمی کۆی لایەنە کوردستانی گرتووە، و ئەمەش پێگەی کوردستان لە دانوستانەکانی پێکهاتەی حکومەتی عێراق، لاواز دەکات، جگە لە بەردەوامبوونی قەیرانەکانی کوردستان لە سەرووی هەموویانەوە بەردەوامبوونی پاشەکەوتی ئیجباری موچە و خراپبوونی وەزعی ئابوری کە کاری لەسەر وەزعی و ژیانی رۆژانەی خەڵک کردووە.

ڕەوش  و ریزبەندی هێزە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق و  لە گۆڕەپانی سیاسییدا دیسانەوە ئەو  ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەری درووستبوونی پێکهاتەیەکی سیاسی کاریگەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە جۆرێک باز بەسەر دابەشبوونی تایفەگەری بدات، نایەتەکایەوە و ئەو حکومەتەی کە درووست دەبێت حکومەتی هاووڵاتی نابێت و لە بازنەی هاوپەیمانی حزبی تایفەی جیاوازدا دەبێت، و ململانییەکانیش لەژێر دووفاقی ریفۆرمخوازەکان و بنیاتنەرەکان رێکدەخرێت و ململانێی ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا ڕاستەوخۆ کارتێکردنی خۆی بەسەر ڕووداوەکاندا دەبێت.

ئەو ڕەوشە ئاڵوزە وا پێویست دەکات سەرجەم هێز و لایەنی چەپ و دیموکرات و مەدەنی عێراق ریزەکانیان لە چوارچێوەی بەرنامەی هاوبەشدا رێکخەن و ڕاستەوخۆ پێشەنگی داواکاری و خۆپیشاندانەکانی جەماوەربن کە ئەم ئەرکە لەبابەتی دامەزراندی حکومەت عێراق هەنووکی ترە.

لەم هەلومەرجەدا گوتاری نیشتمانی کوردستانی سەربەخۆ  و رێکەوتنی لاینە کوردستانییەکان لەسەر بەرنامەی هاوبەش، و پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابوری کوردستان و وەدیهێنانی خوشگوزەرانی بۆ جەماوەر، و بنیادنانی بنەماکانی حوکومرانی باش، ئەرکێکی هەنوکەییە و پێویستی بە سیاسەتێکە کە دوور بێت لە فشاری جەمسەری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، و پێویستە ئەو بەرنامە نیشتمانییە بنەمای گفتوگۆکان لەگەڵ پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق بێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و کشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە و دامەزراندنی ئەنجومەنی ئیتحادی و دابینکردنی 17%ی بودجەی کوردستان، و وەرگرتنی گرنەتی پێویست بۆ ئەم بابەتانە، نەک بیرکردنەوە لە دەسکەوتی حزبی و دابەشبوونی پلەو پایەی حکومی.

حزبمان پێی وایە ئەم داواکارییانە کە بەپێچەوانەی دەستور نییە، لە سایەی ئەم ریزبەندییە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە و ئەو حکومەتەی لێی پەیدا دەبێت کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە سووربوونی هێزە کوردستانییەکانە لە سەر تێکۆشان بۆ وەدەسهێنانی مافی رەوای گەلی کوردستان. هاوکات لە گەل ئەمەشدا پێویستە زەمینەی گونجاو و لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و پێداویستی هەڵبژاردنی ئازاد و پێگەر مسۆگەر بکرێت.


PM:11:58:05/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2689 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو