فازڵ میرانی: چۆن ئیماندار دەڵێت لاالە الا اللە، ئێـمەش دەبێت بڵێین یەکڕیزی کوردستانیەکان

‌فازڵ میرانی

وێستگه‌ نیوز ـ

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، به‌رهه‌م ساڵح له‌ ناو یه‌كێتیدا بمایه‌ چانسی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری زیاتر بوو، ده‌شڵێت: "چۆن هەموو جارێک مرڤێکی ئیماندار ئیمانەکەی نوێ دەکاتەوە و دەڵێت، لاالە الا اللە، ئێـمەش هەمیشە دەبێت بڵێین یەکڕیزی کوردستانیەکان".


فازڵ میرانی، سکرتیری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ دیدارێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "ئێـمە پڕۆژەیەکی هاوبەشمان هەیە، بەڵام ئێمە بەتەنها نەبوین لە ئامادەکردنی پڕۆژەکە بەڵکو هی ئێمە و برادەرانی یەکێتیە، پێشتر داوامان لەهەموو لایەنە کوردستانیەکان کرد کە پێکەوە پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ بەغدا ئامادەبکەین بەڵام نەهاتن، پڕۆژە هاوبەشەکەی ئێمە و یەکێتی لایەنێکی عیراقی هەیە کە بریتیە لە پاراستنی ئەمن و ئاسایش و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و پاراستنی دەستوور، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیە لە عیراق، گەڕانەوەی ئاوارەکانی موسڵە بۆ شوێنەکانی خۆیان و چەندین بابەتی گرنگی وەک بەشە بودجە و مووچە،گرنتی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی کورد ئەمجارە بەرژەوەندی هاوبەشی لایەنە زیانمەندەکانە لەپڕۆسەی حکومڕانی رابردووی عیراق کە هەر کورد لێی زیانمەند نەبووە، بەڵکو سوننە و تەنانەت شیعەکانیش بەشێکیان، هەر ئەو عەقڵیەتە وایکرد لە رابردوو کورد پەنا بۆ ریفراندۆم ببات بۆیە دەبێت بەدوای زیانمەندەکانی پڕۆسەی حکومڕانی رابردووی عیراق بگەڕێین، بڕۆی بۆ هەر شوێنێکی عیراق موعاناتی عیراقیەکان لە رووی خزمەتگوزاریەوە زۆر خراپترە، کوردستان لەو روەوە زۆر لەبەشەکانی تری عیراق باشترە هی کوردستان زیاتر موعاناتەکە نەتەوایەتیە".

فازڵ میرانی، باسی ئەوەشی وت: "هەر سەیری هەڵبژاردنی عیراق بکەین بزانە چەندە بەشداری نەکردووە ڕێژەی لە 70%ی نەچوه‌تە دەنگدان ئەمانە کێن ئەوانەن لە پڕۆسەی حکومڕانی لە عیراق زیانمەند بوون خۆ ئەگەر کوردستان نەبوایە کە رێژەی بەشداریکردنی بەرزکردەوە ئەگەرنا لە 25% تێپەڕی نەدەکرد ئەگەر دنیاش خراپ ببوایە".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە بەشێک لەناوەڕۆکی کۆبونەوەکانیان کرد لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان و وتی: "هەرکەسمان بینیوە لە عیراقدا لەوەزیر و جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆک کۆمار دەگری هەمووی دەڵێت بەڵێ شکستمان هێناوە داندەنێن بەوەی لە رابردوودا لە ئیدارەدانی وڵاتدا شکستیان هێناوە راستە ئەمە دەرفەتە بەڵام بەداخەوە هەموو جارێک دەرفەتەکان بەرهەم دار نەبوون بۆ کورد زامنی بەبەرهەم بوونی ئەو دەرفەتانە تەنها یەکڕیزییە، چۆن هەموو جارێک مرڤێکی ئیماندار ئیمانەکەی نوێ دەکاتەوە و دەڵێت: لاالە الا اللە) ئێـمەش هەمیشە دەبێت بڵێین یەکڕیزی کوردستانیەکان بەتایبەتی و کوردەکان".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌م كام لایه‌نی عیراقیه‌وه‌ نزیكن فازڵ میرانی وتی: "نە ئێمە نەیەکێتی تا ئێستا بۆمان یەکلایمان نەبوه‌تەوە لەکام لایەنی عیراقی نزیکین چونکە تا ئێستا کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی نەبوه‌تەوە، یەکەمجار ئێمە کە چوینە بەغدا پێمان وتن بابە گیان ئێمە بە نیازی"مەناسیب" نەهاتوین، بۆ "مەقاسید" هاتوین، ئەو کوتلەیەی زیاتر داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ بکات ئێـمە لەو لایەنە نزیکین، ئیتر هەمویان دەڵێن پڕۆژەکەتان باشە".



له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ له‌ خوله‌كانی رابردوو ده‌درایه‌ كورد، بۆ ئه‌م خولی نوێیه‌، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ كورده‌ ئه‌مجاره‌ش، له‌و روه‌وه‌  وتی: "یەکەم شت ئەو پۆستە بۆ کوردە، کاتێک لەبەغدا لێیان پرسین سەرۆک کۆمار بۆ کێێە؟ پارتی؟ یەکێتی؟ وتم من ئەوە ناڵێم بەڵام من دڵنیام سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، بۆ؟ نەک لەبەر ئەوەی سەرۆک کۆمار بێ دەسەڵاتە نەخێر بەپێچەوانەوە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی زۆرە ئەگەر پەیڕه‌وی بکات، بەپێی دەستوور دەتوانێت پرسیار لەپەرلەمان بکات بۆچی ئەو مادە دەستووریەی نەکردووە بە یاسا، لەلایەکی تر سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتی"تەمسیلی" عیراق دەکات ئەوەش بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بەڵام بۆ کام لایەنی کوردی دەبێت؟ ئەوە دەمێنێتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتنی نێوان خۆمان وەک هەموو لایەنەکان".

وتیشی: "خۆ ئەگەر وەک کورد کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارمان هەبوو دەبێت بۆچونی لایەنە عیراقیەکانی تریش وەرگرین هەروەک ئەوان چۆن لەکاندیدی سەرۆک وەزیران رای ئێـمەی کورد وەردەگرن چونکە سەرۆک کۆمار یا سەرۆک وەزیران یا هەر پۆستێک لەو پۆستانە بەتەنها بۆ کورد نیە یا عەرەب بەڵكو بۆ هەموو عیراقیەکانە، بەڵام ئەمجارەش ئەوە مەعلومە کە بۆ کورد دەبێت ئیتر یا بۆ پارتی یا یەکێتی یا کوردێکی تر دەبێت لەدەرەوەی ئەو دوو حزبە چونکە ئێستا لەناو عیراقدا شتێک هەیە دەڵێن شیعە بەتەنها حزبی دەعوە نیە تا پۆستی سەرۆک وەزیران هەموو جارێک بۆ ئەوان بێت بەتەنها، هه‌روه‌ها دەڵێن هەموو کوردیش یەکێتی نیە تا هەموو جارێک پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت".

سەبارەت بەوەی ئایا پارتی و یەکێتی ئامادەن پەرلەمانتارەکانیان رابسپێرن بۆ دەنگدان بەکاندیدێکی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لە دەرەوەی ئەو دوو حزبە بەتایبەت کەسایەتیەکی وەک د.بەرهەم ک، ئایا ئێوە رازی دەبن دەنگی پێبدەن؟

فازڵ میرانی وتی: "بەڕاستی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کەمێک زەحمه‌ته‌‌، چونکە سەرەتا دەبێت داوا لەیەکێتیەکان بکەین ئایا ئامەدەن واز لەبەشی خۆیان بهێنن؟ بەهەمان شێوە لە پارتیش بپرسین ئایا ئامادەن واز لەبانگەشەی خۆیان بهێنن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و وازهێنانی بۆ کاندیدیکی سەربەخۆ؟ راستە کاک بەرهەم لەناو هەموومان کەسایەتیەکی مرۆڤێکی "مەعروفە" وە برایەکی ئازیزە، بەڵام وابزانم ئەگەر لەناو یەکێتیدا بمایەوە شانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی زیاتربوو".


راشیگه‌یاند: "جاری پێشووش هەموو یەکێتیەکان دەنگیان پێنەدا ئێـمە ناتوانین ئەو پرسیارە لەیەکێتی بکەین، سەبارەت بە ئێمەش هێشتا بەرهەمیش خۆی پێشنیاز نەکردووە بۆ ئەو پۆستە تا ئێمە بۆچونی خۆمان بخەینەڕوو، كاتێک دەبێت رای خۆمان بخەینەڕوو کە دکتۆر بەرهەم بێت بۆ لای جەنابی سەرۆک بڵێت ئێوە و یەکێتی پێکنایەن لەسەر ئەوپۆستە من وەک کوردێک کاندید بکەن ئەوکات د.بەرهەم جوابی خۆی وەردەگرێت."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا مه‌رجی گه‌ڕانه‌و بۆ كه‌ركوك و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان مه‌رجی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌ بۆ لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی عیراقی؟ فازڵ میرانی وتی: "گەڕانەوە بۆ کەرکوک دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی سیاسیە، لایەنێکی یاساییە".

وتیشی: "لایەنە یاساییەکەی ئەوە پەیوەندی بەجێ بەجێ کردنی مادەی 140ی دەستوری عیراقیەوە هەیە، لایەنی دووەمی پەیوەندی بە باری ئەمنی هەیە دانانی پارێزگارە کەبرادەرانی یەکێتی زۆریان پەلەیە بەڵام ئێمە دەڵێین کە حەشدی شەعبی و سوپای عیراق و دژەتیرۆر لەوێ حاکمن ئەگەر ئەو پارێزگارەش لەم دۆخەدا دابنرێت بەقەد یەک دەنکە شقارتە کاریگەری نابێت دەبێت وەکجاران ئیدارەکە هاوبەش بێت، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە باشترین و زیرەکترین کەسی ناو یەکێتی بکەیتە پارێزگار هیچ کارێکی پی ناکرێت".

راشیگه‌یاند: "ئێستا یه‌كێتی پێمان دەڵێن ئەگەر پارتی رازی بێت پارێزگارێکی کورد دادەنێین راستە ئێمە رازی نەبووین و رازی نابین، چونکە ئێمە کە بەشداری هەڵبژاردنمان لەو شارە نەکرد ئێستا چۆن دەچین پارێزگارێک دادەنێین کە هیچی پێناکرێت و هیچ دەسەڵاتی نەبێت، پارتی ناچیتە ژێر باری ئەوەی بڵێ من کەرکوک بەڕێوە دەبەم لەکاتێکدا کە‌ حه‌شدی شەعبی و سوپای عیراق لەوێ حاکم بێت ئەوە گەمە بەخۆکردنە، کەس ئەوەی لەم دۆخەدا پێ ناکرێت مەگەر کابرا خۆی حەزی لەوەبێت پێی بلێن پارێزگار".

هــ. ر


AM:10:11:28/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو