مه‌حما خه‌لیل: بۆردومانكردنی شه‌نگال به‌ رێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیایه‌

‌قایمقامی شه‌نگال

وێستگه‌ نیوز -
قایمقامی قه‌زای‌ شه‌نگال رایگه‌یاند كه‌ بۆردومانكردنی قه‌زاكه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیاوه‌ به‌ڕێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیا بوو. ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ وه‌كو به‌رپرسانی‌ قه‌زاكه‌ نایانه‌وێت په‌كه‌كه‌ و توركیا ته‌سفیه‌ی حساب" له‌سه‌ر خاكی شه‌نگال بكه‌ن.

له‌ گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، مه‌حما خلیل قایمقامی شه‌نگال سه‌باره‌ت به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی زه‌كی شه‌نگالی فه‌رمانده‌ی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان، وتی" ئێمه‌ پێشتر وتبومان نامانه‌وێت شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و توركیا له‌سه‌ر شه‌نگالێكی وێران بێت و ته‌سفیه‌ی حسابات بكرێت، كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌كوردستانی توركیایه‌".

وتیشی: "بۆردوومانكردنی شه‌نگال، به‌ رێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیایه‌".

 له‌باره‌ی ده‌نگۆی تۆمه‌تباركردنی هاوكاری هێزێكی نێوخۆیی له‌لایه‌ن هه‌ندێك خه‌ڵك له‌ گیانله‌ده‌ستدانی زه‌كی شه‌نگالی؟ قایمقامی شه‌نگال ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بۆردومانه‌ و"شه‌هیدكردنی" (زه‌كی شه‌نگالی)یان، ئیدانه‌كرد".
قایمقامی شه‌نگال كه‌ پێشتر په‌رله‌مانتاری پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن پارتی له‌پشته‌وه‌یه‌، شه‌هیدكردنی هاوڵاتیان له‌ دۆڵی بالیسان و بارزان به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا، شه‌هیدكردنی شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی پارتی له‌ پێشوتر له‌چیای شه‌نگال ئه‌وانه‌ كێی له‌پشت بوو؟ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم له‌شه‌نگال ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌، حكومه‌تی عیراق له‌شه‌نگاله‌ ئه‌وان به‌رپرسن ئه‌وه‌جاری یه‌كه‌م نییه‌ توركیا شه‌نگال بۆردومان ده‌كات".

مه‌حما خه‌لیل روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وه‌ عه‌قڵیه‌تی ئه‌ردۆگانی دیكتاتۆره‌ كه‌ به‌بۆردومان ده‌یه‌وێت كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات، پێشتر په‌كه‌كه‌ وتیان له‌ شه‌نگال ده‌كشێینه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هه‌موویان نه‌كشاونه‌ته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال له‌ قازانجی شه‌نگال و پاراستنی خه‌ڵك و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وی خه‌ڵك و هه‌روه‌ها عیراق و هه‌تا په‌كه‌كه‌ خۆیه‌تی چونكه‌ توركیا بونی ئه‌وانی كردووه‌ به‌ پاساو بۆ بۆردومانی شه‌نگال".

مه‌حما خه‌لیل جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "كێشه‌ی كورد به‌ بۆردومان چاره‌سه‌رنابێت، ئه‌گه‌ر توركیا پاراستنی سنوره‌كانی كردۆته‌ پاساوی لێدانی په‌كه‌كه‌ و بۆردومانی شه‌نگال، بۆچی ئه‌وكاته‌ی داعش له‌موسڵ بوو توركیا بۆردومانی داعشی نه‌ده‌كرد؟ خۆ موسڵیش هاوسنوری توركیایه‌!".

قایمقامی شه‌نگال له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كوشتنی زه‌كی شه‌نگال له‌لایه‌ن ئیداره‌ی شه‌نگاله‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ "كاك زه‌كی كوردێكی ئێزیدی خه‌ڵكی توركیا بوو، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئێمه‌ له‌بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال شه‌هید كراوه‌، كه‌ شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیایه‌ و ئه‌و كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌كوردستانی توركیاوه‌ نه‌ك ئێره‌ هیوادارین به‌لێكتێگه‌یشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

مه‌حما خه‌لیل جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر "شه‌هید كردنی" زه‌كی شه‌نگالی په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ نییه‌".

وتیشی: "ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیمان به‌وه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ كاری حكومه‌تی عیراقه‌ بابه‌تی ئه‌منییه‌ وه‌ك ئیداره‌ی شه‌نگال ناتوانین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین به‌ڵكو كاری حكومه‌تی عیراقه‌ لكۆڵینه‌وه‌ بكات".



PM:12:13:22/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو