روونكردنەوە سەبارەت بە "بڕینی" مووچەی كەمئەندامانی هەولێر دەدرێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رەتیدەكاتەوە مووچەی هیچ كەمئەندامێكی سنورەكەیان بڕدرابێت و دەڵێت دوای جەژن مووچەكانیان وەردەگرن.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەی بۆ وێستگە نیوز ناردووە روونكردنەوەی سەبارەت بە بڕینی مووچەی كەمئەندامانی پارێزگاكە داوە و دەڵێت، مووچەی كەمئەندامان نەبڕدراوە و دوای جەژنی قوربان مووچەكانیان وەردەگرن.

لەو روونكردنەوەیەدا هاتووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كاری لیژنەكانی پزیشكی و ئاشكرا كردنی ژمارەی ئەو كەمئەندامانەی لە پشكنین دەرنەچووبوون، بە پێویستی دەزانن خاوەن پێداویستە تایبەتەكانی سنووری هەولێر ئاگادار بكەنەوە تائێستا بە فەرمی مووچەی هیچ كەسێك نەبڕاوە، بەڵكو بۆ ماوەیەكی كاتی راگیرابوو تا ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانەی كە لە پشكنینی لیژنەكانی پزیشكی دەرنەچووبوون لە بڕیارەكانی لیژنە ئاگادار ببنەوە و ئەگەر گومانیان لەسەر بڕیاری لیژنەكانە، ئەو مافەیان پارێزراو بێت دووبارە داوای بینینەوەی لیژنەی پزیشكی بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر داوا لە سەرجەم ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانە دەكات كە مووچەكانیان راگیرا بوو، دوای پشووی جەژنی قوربان سەردانی بانكەكان بكەن و مووچەی خۆیان وەربگرن.

هەمانكات دەڵێت، ئەگەر لە بڕیاری لیژنەی پزیشكیش ناڕازین سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی هەولێر بكەن بۆ تانە لێدان لە بڕیاری لیژنەكە و داواكردنی دووبارە بینینەوەی لیژنەی پزیشكی كە دوا مۆڵەت بۆ پێشكەشكردنی ئەو داواكارییە رۆژی 24-9-2018یە.

ئەو روونكردنەوەیە لە كاتێكدایە، شەوی رابردوو سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی ئاگاداركراوە كە لە شاری هەولێر مووچەی هەندێك كەمئەندام بڕدراوە و بەپێی رێژەی كەمئەندامی مووچەیان دابەشكردووە، پەیوەندی بە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوورییەوە كردووە ئەویش بەڵێنی بەدواداچوونی خێرای پێداوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دوای  كەمتر لە دوو رۆژ لەپەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، كاتژمێر 10ی شەوی یەكشەممە وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندووە كە بەهیچ جۆرێك وەزارەتەكەیان ئاگاداری بڕینی مووچەی كەمئەندامانی هەولێر نییە و تەنها دارایی ئەو لیستانەی بۆی هاتووە راستەوخۆ خەرجیان كردووە بێ هیچ دەستكارییەك.

سامان حسێن روونیكردەوە "بەداخەوە تەنها لە شاری هەولێر ئەم بڕینی مووچە هەبووە و لە سلێمانی نییە، چونكە بڕیار دراوە تا ساڵی نوێ نەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

لێپرسراوی گشتی كەمئەندامان داوا لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكات لیستەكانی مووچەی كەمئەندامان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت و ئەم هەڵەیە چارەسەر بكات.

هــ. ر


PM:01:23:20/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 10056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو