پۆلیسی هەولێر ده‌ستگیركردنی 50 تۆمەتباری راگه‌یاند

‌هۆگر عەزیز گەڵاڵی، وتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، بە هاوئاهەنگی ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكە، 50 كەسیان بە تۆمەتی كوشتن و دزیكردن و ساختەكاری، دەستگیر كردووە.


هۆگر عەزیز گەڵاڵی، وتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، لە پرێسكۆنفڕانسێكدا كە ئەمڕۆ  دووشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2018، لە هۆڵی راگەیاندنی پۆلیس بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا، بە هەماهەنگیی ئاسایش و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، 50 تۆمەتبارمان بە تۆمەتی جیاجیا لە سنووری هەولێر قۆڵبەست كردووە".

وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر وتیشی: "تاوانەكان بریتی بوون لە 24 تاوانی كوشتن كە 31 تۆمەتبار تێوە گلابوون و دەستگیر كراون، هەروەها 15 تاوانی دزیكردن هەبووە كە 16 تۆمەتبار بەو هۆیەوە قۆڵبەست كراون، لە دوو تاوانی ساختەكارییشدا، سێ كەس تۆمەتبار بوون و دەستگیر كراون".

سەبارەت بە پلانی ئەمنییش بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە رۆژانی جەژندا، هەموو هێزە ئەمنییەكان بە هاوكاریی دەزگای ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی، لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و سەروماڵی هاوڵاتیان دەپارێزن".

وتیشی: "تیمەكانی پۆلیسی فریاكەوتن بە بەردەوامی و 24 كاتژمێر لە شەقام و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە ئەركدا دەبن".

روونیشیكرده‌وه‌: "هەروەها پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان شەو و رۆژ بەنێو گەڕەك و كۆڵانەكاندا دەگەڕێن و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، پۆلیسی رێككاریی سەربازییش بەردەوام لە ئەركدا دەبن، جگە لەوەش، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان 24 كاتژمێر تیمەكانیان لە هەموو شوێنێك لە ئامادەباشیدا دەبن و رێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن. هەروەها بنكەكانی پۆلیسیش ئەوانەی لە نزیك گۆڕستانەكانن، بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن".

هــ. ر


PM:12:07:20/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 7705 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو