سەركردەیەكی یەكێتی: جگە باڵێكی پارتی، هیچ لایەنێك پێی باش نییە هەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، تائێستا 80% ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا زیاترە لە دواخستنی، بەڵام جگە لە باڵێكی ناو پارتی، هیچ لایەنێك پێی باش نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.


ئەو سەركردەیەی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەوان پێشتر پێیان باشبووە تا ماوەیەك هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، زۆربەی لایەنەكانی دیكەش پێیان باش نییە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بكرێت، بەڵام نایانەوێت سەركردایەتی دواخستنەكە بكەن بۆ ئەوەی پێیان نەڵێن لە هەڵبژاردن دەترسن، لەناو پارتیش باڵی نێچیرڤان بارزانی سوورە لەسەر هەڵبژاردن.

سەركردەكەی یەكێتی وتی: "ئەوەی هەیە تائێستا رۆژی هەڵبژاردن دیاریكراوە و 80% ئەگەری ئەنجامدانی بەهێزترە و 20%یش دواخستن".
 
سەبارەت بەوەی بۆچی وەك یەكێتی پێیان باش نییە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق براوەی دووەمن، ئەو سەركردەیە وتی: "نازانین ئەنجامەكە چۆن دەبێت، چونكە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی كوردستان لە چەند روویەكەوە یەكلایی دەكاتەوە، پاشان لاوازبوونی لایەنەكانی دیكە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، ئەگەر لایەنەكانی دیكە لاواز بن، دەبێت زیاتر پشت بە پارتی ببەستین".

سەركردەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: "پاشان مەسەلەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پارتی ئەو كاتە دەتوانێت ئەو مەسەلەیە زیندوو بكاتەوە و ئەگەر ئێمەش دەنگی پێویستمان نەبێت و لایەنەكانی دیكەش لاواز بن، ئەو كاتە ناتوانین هیچ بكەین".

بەوتەی ئەو سەركردەیە، لە چوار ساڵی داهاتووشدا دەبێت دەستووری هەرێمی كوردستنا كۆتایی پێ بێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەشدا نەخشەیەكی سیاسی نوێ دێتە پێشەوە و پارتی ئەوەی خۆی بیەوێت ئەوە دادەنێت.

بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیش زۆربەی ئامادەكارییەكانی كردووە.

هــ. ر


AM:11:56:20/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 10534 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو