گۆڕانكاری لە دەرماڵەی هاتووچۆی فەرمانبەران دەكرێت


وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرماڵەی هاتوچۆی فەرمانبەران هەموار دەكاتەوە و هەر فەرمانبەرێك ئۆتۆمبێلی حكومی بەكارنەهێنێت، دەرماڵەی بۆ خەرج دەكرێت.

رەمەزان نامیق، ئەندامی فراكسیۆنی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بەپێی رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەرۆژی 1-1-2018ەوە هەر بەڕێوەبەرایەتیەك ئەگەر ئۆتۆمبێلی حكومییان بۆ فەرمانبەران گرتبێت ئەوا دەبێت دەرماڵەی هاتوچۆ واتە جوگرافی هەموو فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە ببڕدرێت، ئەوانیش بەدواداچوونیان بۆ ئەو دۆسیەیە كردووە و پەیوەندیشیان بە نووسینگەی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوورییەوە كردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەكردووە بۆ ئەو مەبەستە رێنماییەكی نوێ دەردەكەن و ئەو رێنماییە هەموار دەكەنەوە و بەپێی رێنماییە نوێیەكەش، هەر كەسێك بە ئۆتۆمبێلی حكومی هاتوچۆ دەكات دەرماڵەی جوگرافییەكەی دەبڕدرێت، هەر كەسێكیش بە ئۆتۆمبێلی حكومی هاتوچۆ نه‌كات، دەرماڵەی جوگرافییەكەی نابڕدرێت و ئەو رێنماییەش لە رۆژی 1-6-2018ەوە جێبەجێ دەكرێت.

دەرماڵەی جوگرافی لە ناحیەكان 40 هەزار دینار، لە قەزا 30 هەزار و ناوشاریش 20 هەزارە.

هــ. ر


PM:10:48:19/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 45066 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو