نوسینگه‌ی مالیكی: سبه‌ینێ كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت

‌نوری مالیكی، سه‌رۆكی ئیتئلافی ده‌وڵه‌تی قانون

وێستگه‌ نیوزـ

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆكی ئیتئلافی ده‌وڵه‌تی قانون رایگه‌یاند كه‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی راده‌گه‌یه‌نرێت كه‌ "هه‌ردوو حزبه‌ كوردییه‌كه‌شی تێدایه‌".

هیشام روكابی، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی نوری مالیكی، سه‌رۆكی ئیتئلافی ده‌وڵه‌تی قانون له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد كه‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌نێوان كوتله‌كانی ده‌وڵه‌تی قانون و فه‌تح و دوو حزبه‌ كوردییه‌كه‌ و میحوه‌ری نیشتمانی (سوننه‌كان) و قسه‌كردن له‌سه‌ر راگه‌یاندنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ له‌ سبه‌ینێ دووشه‌مه‌دا ده‌بێت.

گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراق جموجوڵێكی فراوان له‌نیوان قه‌واره‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018 به‌خۆه‌وه‌ ده‌بینێت تا له‌رێگه‌ی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی، حكومه‌تی داهاتووی عیراق پێكبهێنرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2018، دادگای فیدڕاڵیی عیراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری بۆ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ند كرد.

دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەلایەن دادگای فیدراڵی، ، كاتژمێر 7ی ئەمشەو لە هۆتێل بابلی بەغدا کۆبونەوەیەکی فراوان بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەدەچێت و تیایدا گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی رادەگەیه‌نرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەکە لە هاوپەیمانی سائیرون(موقتەدا سەدر)، بەشێک لە هاوپەیمانی نەسر(حەیدەر عەبادی)، رەوتی حیکمە(عەممار حەکیم)، هاوپەیمانی وەتەنییە( ئەیاد عەلاوی) و یەکێتیی هێزە سونییەکان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌شدارن. 


PM:10:08:19/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 6262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت