د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: مامەڵەکردن بە بتکۆین، وەن کۆین و کیونێت حەرامە

‌د. عەلی قەرەداغی

وێستگه‌ نیوز ـ
د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێـتی جیهانی زانایانی موسڵمان بە فەتوایەک مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی وەک بتکۆین و وەن کۆین حەرام دەکات، ده‌رباره‌ی كیونێتیش دەڵێت: "ئەوە لەلایەن زانایانی كۆمەڵی فیقهی ئیسلامی حەرام كراوە".


لە فەتوایەکدا پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی، مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی وەک بتکۆین و وەن کۆینی روونکردووەتەوە و دەڵێت: "بەپێی زنجیرەی دراو دەبێت لە (ئاڵوگۆڕ)ـەوە دەستپێبكات بۆ شمەك، پاشان بۆ دراو پاشان بۆ دراوی كاغەز پاشان بۆ دراوی ئەلیكترۆنی، ئەم دراوە ئەلكترۆنییانە هیچ بوونێكی بەرجەستەیان نییە، لە خەیاڵدا مامەڵەیان پێوەدەكرێت،  وەك ئۆپشنی هەشتاكان وایە، یان وەك مارجن و فۆریكسی ئێستا".

لەبارەی ئەو کەسانەی ئەو دراوەنەیان کڕیووە، د. عەلی قەرەداغی دەڵێت: "ئەم دراوە مامەڵەپێكردنی لە بانك یان بۆ هەرشتێكی دیکە حەرامە، با ئەوەی كڕیویەتی بیگەڕێنێتەوە و قازانجەكەشی بخاتە كاری خێرخوازییەوە".

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هاونیشتمانیی دراوی ئەلیکترۆنی وەن کۆین-یان کڕیوە کە تا ئێستا مامەڵەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا پێنەکراوە. ئەوانەی خەڵک بۆ ئەو جۆرە دراوانە بانگهێشت دەکەن پێشتر شاندێکیان سەردانی د. عەلی قەرەداغ-یان کردووە لە قەتەر، ئەویش دوای شەش مانگی توێژینەوە ئەو فەتوایەی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

سەبارەت بە كیونێت د. عەلی قەرەداغی پشتیوانی فەتواکەی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستانی کردووە و دەڵێت، "كیونێت لەلایەن زانایانی كۆمەڵی فیقهی ئیسلامی حەرام كراوە".
 

دەقی فەتواكەی د. عەلی قەرەداغی دەربارەی دراوی ئەلیكترۆنی

بسم الله الرحمن الرحیم

ژمارەی دراوە ئەلكترۆنیەكان هەتا ئێستا گەیشتۆتە نزیكی 9000 دراو، لەوانەش بت كۆین و وەن كۆین، لە راستیدا ئەو دراوەی كە تائێستا زۆر بەناوبانگە بت كۆینە، وەن كۆین ناوبانگێكی ئەوتۆی نیە، تەنها لە كوردستان ئەو رەواجە زۆرەی پێ‌ دراوە، هەتا ئێستا هیچ وڵاتێك دانی بە وەن كۆیندا نەناوە، ئەوەی كە هەیە شتی پچڕ پچڕ و متمانە پێ‌ كراو نیە، بەڵام دەبێت راستیەك بزانین ئەمە بەشێكە لە دەرهاویشتەكانی سیستمی ئابوری سەرمایەداری، ئەو لەسەر بنەمای قازانج مامەڵە دەكات، لەبەرئەوە گوێ‌نادا بەوەی دراوەكە دانی پێدا نراوە یان نا، ئەوان بەشوێن باجدا دەگەڕێن، مەبەستیان نیە ماهیەتی ئەو شتە چیە.

لە ساڵەكانی هەشتاكاندا option سەریهەڵدا، واتە تۆ مافی شتێك دەفرۆشی، سەرەتا كە سەری هەڵدا خەڵك زۆر حەزی لێ دەكرد، بەڵام بەڕای هەموو توێژەرانی بواری ئابوری ئەوە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی ئەو قەیرانە ئابوریەی كە جیهان لە ساڵی 2008 هەتا ئێستا تێی كەوتووە، دەبێت ئێمەش ئەوە بزانین كە نابێت هەر شتێك سیستمی سەرمایەداری دایهێنا ئێمە وەك عورف سەیری بكەین و مامەڵەی پێوە بكەین، ئێمە وەك مسوڵمان بۆچوونی ترمان هەیە كە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەماكانی ئابوری ئیسلامی، ئابوری ئیسلامی لەگەڵا موڵكایەتی و بووندا مامەڵە دەكات، مامەڵە لەگەڵا شتی خەیاڵیدا ناكات.

لە ئابووری ئیسلامیدا رەگەزەكانی چالاكی ئابووری پشت دەبەستێت بە (5) بنەما:

بەرهەمهێنان.
خەرجكردن.
ئاڵوگۆڕ.
دابەشكردن.
دووبارە دابەشكردن.

من دەڵێم دەبێت رەگەزی یەكەم موڵكایەتی بێت لە موڵكایەتیەوە بەرهەم دروست دەبێت لە دوایشدا ئەوەكانی تر.

دەبێت هۆكارێك هەبێت كە تۆ شتێكت هەبێت وەك موڵكی تۆ بناسرێت جا ئەو شتە ماددی بێت یان مەعنەوی، دەبێت ئەو شتەش بوونێكی هەبێت، واتە بەرجەستە بێت بۆئەوەی پێوانە بكرێت، ئەوانەی ئێستا رابەرایەتی ئەو پرۆسەیە دەكەن زۆر ویستیان رای من بزانن، وەفدێكی ئەوانەی وەن كۆین هاتن بۆ قەتەر بەباشی گوێم لێ گرتن، بەڵام من پەلەم نەكرد لە فەتواكەدا، من ماوەی شەش مانگ توێژینەوەم لەسەر كرد لە ئەنجامی ئەوەشدا (5) پرسیاری گرنگم بۆ دروست بوو، من ئەو (5) پرسیارەم ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، وتم ئێوە وەڵامی ئەو (5) پرسیارەم بدەنەوە دوایی هەڵوێستی خۆمتان پێ‌دەڵێم.

یەكەم/ پرسیارم ئەوەبوو، ئایا ئەم پارە كە وەردەگیرێت لە بەرامبەر وەن كۆین دەچێتە كوێ‌؟ بەپێی زانیاری دروست دەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایەی كە سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەكات و یەك فلس نامێنێتەوە بۆ بەشداربوان.

دووەم/ ئایا هیچ كۆمپانیایەك هەیە كە مافی مەعنەوی ئەمانە لەخۆ بگرێت؟

سێیەم/ ئایا هیچ وڵاتێك هەیە زەمانەتی ئەم وەین كۆین و بت كۆینە بكات، بۆ نموونە دیناری عێراقی عێراق پشتیوانی دەكات، ئەی ئەم وەن كۆینە كێ‌ پشتیوانی دەكات. واتە زەمانەتی نیە.

چوارەم/ ئایا هیچ كۆمپانیایەكی پشكدار هەیە كە خۆی بكات بە خاوەنی ئەم دراوانە و وەك بەشێك لە خۆی حسابی بۆ بكات، وە هەر كەسێك پشكێك بكڕێت ببێت بە بەشدار لەو كۆمپانیایە؟

پێنجەم/ چ زەمانێك هەیە بۆ ئەو خەڵكانەی كە بەشداریان كردووە لە كاتێكدا كە ئەو دراوە پوچەڵا بكرێتەوە؟

لەگەڵا چەند پرسیارێكی تردا كردمان بە ئینگلیزی و ناردمان بۆیان، بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەوەی كە وەڵام بدەنەوە وتیان ئەم پرسیارانە زۆر نهێنی تێدایە، ئێمە ناتوانین بە تەلەفون یان ئێمەیڵا وەڵام بدەینەوە، ئەوان وتیان ئێمە حەز دەكەین سەردانێكمان بكەیت، بەڵام من ئامانجی ئەوان تێگەیشتم، چونكە تەنها ئەگەر وێنەیەكم بگرن لای خۆیان سودی لێ‌ وەردەگرن بۆ شەرعیەتدان بە دراوەكەیان، من رازی نەبووم بەڵكو داوام لێكردن با ئەوان سەردانم بكەن لە قەتەر یان لە هەر وڵاتێكی تر، بەڵام هەتا ئێستا وەڵامیان نەبووە لە دوای ئەوە دوو چاوپێكەوتنم لەگەڵا جەزیرە ئەنجامدا، یەكەمیان بۆ تەئصیلی دراوی ئەلكترۆنی بوو كە دەبێت چۆن بێت، وتم دەبێت دراوی ئەلكترۆنی لە دوو شت پێكهاتبێت یەكەم ئەوەی پێیدەڵێن زنجیرەی خوارزمی (بلۆك چین) ئەمە شتێكی دروستە نابێت ئەمە حەرام بكرێت، چونكە ئایندەی چارەنووسی دراوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە.

بەپێی زنجیرەی دراو دەبێت لە (ئاڵوگۆڕ)ەوە دەستپێبكات بۆ شمەك، پاشان بۆ دراو پاشان بۆ دراوی كاغەز پاشان بۆ دراوی ئەلكترۆنی، ئەم دراوە ئەلكترۆنییانە هیچ بونێكی بەرجەستەیان نیە لە خەیاڵدا مامەڵەیان پێوە دەكرێت،  وەك ئۆپشنی هەشتاكان وایە، یان وەك مارجن و فۆریكسی ئێستا.

ئەم دراوە مامەڵە پێكردنی لە بانك یان بۆ هەرشتێكی تر حەرامە، با ئەوەی كڕیویەتی بیگەڕێنێتەوە و قازانجەكەشی بخاتە كاری خێرخوازییەوە.

من بەشداریم كرد لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەسەر دراوی ئەلكترۆنی، چوار پێنج پڕۆفیسۆری ئەمریكی بواری ئابوری بەشداریان كرد، ئەوان وتیان ئێمە پشتیوانی لە قسەكانی دكتۆر عەلی دەكەین و هیچ قسەیەكمان لەسەر قسەكانی ئەو نیە، وتیان ئێمە رامانوایە هەموو ئەو دراوانە خەیاڵین، وەك دراو و خراونەتە سەر بلۆك چین.

من (5) چارەسەرم بۆ دانان..

یەكەم/ دەوڵەتێك بیكات بە دراوی دووەمی خۆی، ئەم دراوە یان بیخاتە پاڵا نەوت و غاز، دراوەكە بەو شتانە پشتیوانی بكرێت لەسەر بنەمای زنجیرەی خواریزمی.

دووەم/ یان كۆمپانیایەكی خاوەن پشك رابگەیەنن هەركەس بە چەند كۆین بەشداری كرد بۆی ببێ‌ بە بەش لە كۆمپانیاكە.

دەربارەی (كیو نێت)یش ئەوە لەلایەن زانایانی كۆمەڵی فیقهی ئیسلامی حەرام كراوە.

لە كۆتاییدا دەڵێم مامەڵەكردن بە هەموو ئەو دراوانەوە روویەكی شەرعیان نییە چونكە خەڵك سەرقاڵ دەكات و پارەیەكی زۆری وڵات روودەكاتە دەرەوە، واتە پرۆسەیەكە بۆ خواردنی ماڵی خەڵك بە حەرام، كەمینەیەك قازانج دەكات لەسەر حسابی زیانی زۆرینە.

دكتۆر عەلی قەرەداغی،
ئەمینداری گشتیی یەكێـتی جیهانی زانایانی موسڵمان
19-8-2018

هــ. ر


PM:09:07:19/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 22282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو