سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ: لە چەند لایەكەوە هەوڵی داخستنی دۆسیەی خراپی ئاردی سلێمانی دەدرێت

‌كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێكی سیاسی و رێكخراوەكانیش پشتگیرییان بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی خراپی ئاردی سلێمانی ناكەن و دەڵێت، لە چەند لایەكەوە هەوڵ دەدەن دۆسیەكەش دابخەن.

كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانییە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی لیژنەكەیان دۆسیەی خراپی ئەو ئاردەیان وروژاندووە كە بەسەر هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دابەش دەكرێت و لە كۆبوونەوەی  رابردووی ئەنجومەنیشدا تاوتوێكرا، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێكی سیاسی و تەنانەت رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش پشتگیرییان بۆ دەرنەبڕیون.

وتیشی "بەلامەوە سەیرە بابەتێكی گرنگی لەو جۆرە كە پەیوەندی بە تەندروستی هاوڵاتیانی پارێزگاكەوە هەیە، هیچ لایەنێك و رێكخراوەكانی مەدەنی و رۆشنبیرانیش دەنگی لێوە نایەت و پشتگیریمان بۆ دەرنابڕن".

فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لە حزبەكانی (سۆسیالیست، شیوعی، زەحمەتكێشان) پێكهاتووە و یەك كورسییان لە ئەنجومەن هەیە، لە ساڵی 2014ەوە تا ناوەڕاستی ساڵی رابردوو نوێنەری سۆسیالیست سەرۆكی فراكسیۆن بوو، بەڵام بەهۆی رێككەوتنی ئەو حزبانەوە، ئێستا نوێنەری حزبی شیوعی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیە.

كاسترۆ مەعروف ئاماژەی بەوەكرد "دوای وروژاندنی ئەو دۆسیەیەش، لە چەند لایەكەوە هەوڵ دەدەن دۆسیەكە دابخەین، بەڵام ئێمە هەر سوورین لەسەر گەیشتنە ئەنجامی خراپی ئەو ئاردە".

لە كۆبوونەوەی سێشەممەی رابردووی ئەنجومەن كە میوانداری بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵە و بەڕێوەبەری سایلۆكان كرابوو، بڕیاردرا ئەو لیژنەیەی ئەنجومەن فراوانتر بكرێت و بەدواداچوونی زیاتریش بكەن.


PM:08:55:18/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو