یه‌به‌شه‌: تۆڵه‌ی زەکی شەنگالی له‌ بكه‌ران و هاوكارانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە رایگه‌یاند کە هێرشە ئاسمانییەکەی توركیا بۆ سەر شەنگال و بەئامانجگرتنی زەکی شەنگالی، تەواوکردنی پیلانی سەر ئێزدییەکانە، بەڵێنیشیانداوە، کە تۆڵەی مام زەکی شەنگالی له‌ "بكه‌ران و هاوكارانیان" دەکەنەوە.

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 18ی ئابی 2018، فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە، لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی 15ی ئابی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سەر شەنگال و شەهیدکردنی زەکی شەنگالی، ئەندامی کوردۆناسیۆنی کۆمەڵگای ئێزدی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەبەشەدا هاتووە: "ئەو هێرشەی کە لە 15ی ئابی ئەمساڵدا کرایە سەر شەنگال، نیشانەی هێرشکردنە سەر ڕەسەنایەتیمان و هۆشیاریی مێژوویی دوژمنە، ئەمجۆرە هێرشانە لە مێژووی پیلانگێڕییدا پێکهاتوون، بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین پێکهێنانی هێرشێکی بەوجۆرە لە ١٥ی ئابدا خاوەن چ واتایەکە، بێگومان ئەوەش دەزانرێت."

یەبەشە راشیگه‌یاندوه‌: ئەو هێرشەی کە کرایە سەر شەنگال و بە ئامانجگرتنی مام زەکی، تەواوکردنی فەرمانی سەر ئێزدییەکان بوو، مام زەکی وەک کەسایەتییەک روبەڕوی فەرمان بووەوە، ویستی بەشێوازێکی زانستی ڕێکخستن و یەکێتیی ئێمە پێکبهێنێت، هەموو ژیانی خۆیشی خستە خزمەتی ئەو ئامانجە، هەر لەبەر ئەوەش بوو کرایە ئامانج.

یەبەشە هۆشدارییشی داوەتە بکەران و هاوکارانی هێرشەکەی 15ی ئاب و جەختیکردووەتەوە: "ئەوەی کە بەو هێرشە بووەتە هاوکاری چەتەکانی داعش و ئەردۆغان، بێگومان باجی ئەوە دەدەن، چونکە لە کەسایەتیی مام زەکیدا هێرشیانکردە سەر کۆمەڵگای ئێزدی، تۆڵەی مام زەکی دەکرێتەوە، ئێمەش بە تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان ئەوەمان پیشاندا کە هەر دڵۆپە خوێنی شەهیدێک ئێمە گەورەتر دەکات و هەنگاوەکانمان بەرەو پێشتر دەبات، هەر دڵۆپە خوێنی شەهیدێک دەبێتە کۆڵەکەی یەکێتیی گەلەکەمان."

فەرماندەیی یەبەشە جەختیشیکردوەتەوە کە پێویستە هێزە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستیان لەسەر ئەو هێرشە پیشان بدەن، دەشڵێت: "ئەو هێرشە بەسەر دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانییەوە ناچێت، تێکۆشانی مام زەکی دەکەینە نموونە بۆ یەبەشە و یەژەشە، هیچ هێرشێک لەسەر ئەم خاکە بێ وەڵام نابێت، هەتا دوایین دڵۆپی خوێنیشمان گەلەکەمان و بەهاکانمان دەپارێزین، ئێمە درێژە بە رێبازەکەی مام زەکی دەدەین و هێزی خۆپاراستنمان بەهێزتر دەکەین."

رۆژی 15ی ئابی 2018، ئیسماعیل ئوزده‌ن، ناسراو به‌ مام زه‌كی شنگالی، ئه‌ندامی كۆردیناسیۆنی جڤاكی ئێزدی، كاتژمێر 4ی پاشنیوه‌ڕۆ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ رێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژیی گوندی كۆچۆ، كرایه‌ ئامانجی هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا و له‌ ئه‌نجامدا شه‌هید بوو.

زه‌كی‌ شنگالی‌ له‌دایكبووی‌ 1952ی‌ شاری‌ باتمانی‌ باكووری‌ كوردستانه‌ و له‌ ریزه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستاندا چه‌ندین به‌رپرسیارێتی‌ هه‌بووه‌.




PM:07:28:18/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 4136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت