وه‌زیری نه‌وتی عیراق باس له‌ گه‌یاندنی غاز به‌ بۆری بۆ ماڵان ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری نه‌وتی عیراق چه‌ند پلانێكی بۆ گه‌یاندنی غازی شل بۆ هاوڵاتیان له‌رێی بۆری له‌بری بوتڵه‌ غاز راگه‌یاند.

جه‌بار لعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عیراق له‌میانی سه‌ردانێکیدا بۆ كۆمپانیای پڕكردنه‌وه‌ی غاز له‌ ناوچه‌ی تاجی له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: وه‌زاره‌ت به‌نیازی باشتركردنی ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌یه‌ كه‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌گات، ئه‌وه‌ش له‌رێگای پیاده‌كردنی میكانیزمی نوێ بۆ گه‌یاندنی غازی شل له‌رێی بۆری بۆ ماڵان له‌بری بوتڵه‌ غاز.

لعێبی راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ئیداره‌ی كۆمپانیاكه‌ی راسپارده‌ و پلانی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دابنێن و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌زمونی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك جێبه‌جێی بكه‌ن تا دواتر سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عیراق بگرێته‌وه‌.

رۆژانه‌ 700 ملیۆن پێ سێجا له‌ غازی سروشتی له‌ عیراق ده‌سوتێت و به‌فیڕۆ ده‌چێت، هۆكاره‌كه‌ش نه‌بونی ژێرخانێكی ئابورییه‌ كه‌ بتوانێت سود له‌و غازه‌ ببینێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ عیراق یه‌كێكه‌ له‌و 11 وڵاته‌ی جیهان كه‌ له‌ غازی سروشتیدا ده‌وڵه‌مه‌ندن و یه‌ده‌كی غاز تیایدا ده‌گاته‌ 112 پێ سێجا.


PM:07:06:18/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت