تره‌مپ: توركیا ده‌مێكه‌ بوه‌ته‌ كێشه‌ و وه‌ك دۆست مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌

‌دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، ماوەیەکی زۆرە تورکیا بووەتە کێشە و وەک دۆست مامەڵەی نەکردووە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا کە بە پەیامنێرانی راگەیاندووە، "دەبوایە دەمێک بوایە ئەندرو برونسن ئازاد بکرایە، بەڵام تۆمەتی دەدرێتە پاڵ".

هاوکات رۆژی پێنجشەممە 16ی ئابی 2018، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کێشەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا رایگەیاند، تورکیا نەیسەلماندووە کە دۆستێکی باش دەبێت بۆ ئەمریکا، قەشەیەکی بێتاوانی مەسیحیان دەستگیرکردووە، تورکیا بەدەستگیرکردنی ئەم قەشەیە کارێکی خراپی کردووە، بۆیەش واشنتن سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ستیڤ منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمریکادا رایگه‌یاند، ئەمریکا سزای بە سەر هەندێک لە وەزیرانی حکومەتی تورکیادا سەپاندووە.

منوچن وتیشی، "واشنتن پلانی ئەوەی هەیە سزای زیاتر بە سەر تورکیادا بسەپێنێت، ئەگەر حکومەتی ئەو وڵاتە زوو پیاوە ئایینییە ئەمریکییەکە ئازاد نەکات".

لە سەرەتای ئەم مانگەوە حکومەتی ئەمریکا دوو هەنگاوی دژی حکومەتی تورکیا ناوە. یەکەمیان، سزادانی هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی تورکیا بووە، ئەوەش بەهۆی رۆڵیان لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەندرو برونسندا. دووەمیشیان، زیاترکردنی باجی سەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی تورکیا بووە و دوو هەنگاوەکەش کاریگەرییان لە سەر ئابووری تورکیا هەبووە.

هــ. ر


PM:06:50:17/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو