هێمن هەورامی: پارتی پێداگرە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 30ی ئەیلول

‌هێمن هەورامی

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، حزبه‌كه‌ی پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتدەکاتەوە.


هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت: "هیچ بیانووێکی ئیداری، سیاسی و یاسایی بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ نییە".

داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکات: "هەر کەس دژی ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت، با جورئەتی سیاسی هەبێت راستەوخۆ رایبگەیێنێت کە نایەوێت بکرێت، نەک لێرە و لەوێ بە ناڕاستەوخۆ لێدوان بدات".

لە میانی ئامادەبوونی لە چالاکیییەکی لقی 4ی پارتی لە سلێمانی، هێمن هەورامی وتی: "پارتی نەک هەر سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی، بەڵکو لەگەڵ ئەوەبووین لە 1-11-2017 ئەنجامبدرێت، لەبەرئەوەی پرسێکی دیموکراسی و یاساییە، کە 2017ـش نەکرا ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەنجامبدرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەنی سیاسی بە بیانووی ئەوەی تۆماری دەنگدەران پاک نییە، نەیانهێشت هەڵبژاردنەکە پێشبکەوێ، لەکاتێکدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق هەمان تۆماری دەنگدەرانیان بەکارهێنا".

هێمن هەورامی وتیشی: "ئێستا کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە رۆژی 30ی ئه‌یلول دانراوە، لەبەرئەوەی پەرلەمان خۆی بۆ دوو خول نوێکردووەتەوە و وادەکەی تەواو دەبێت، دووەمیش لەڕووی یاساییەوە پێویستمان بەوەیە هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێت، هەموو پێداویستییە کارگێڕی، دارایی، یاساییەکان بۆ کۆمیسیۆن فەراهەمکراون، هەموو لایەنە سیاسییەکان خۆیان تۆمارکردووە، هاوپەیمانیێتیەکان تۆمارکراون، لیستی کاندیدەکان پێشکەشکراون، پلانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیه‌ندراوە، کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دیاریکراوە، بۆیە هەر لایەنێک بە جۆرێک لە جۆرەکان باس لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان بکات، دیارە لە ئەنجامەکان دەترسێت".

هێمن هەورامی، داوا لە لایەنەکان دەکات: "دەتوانین پێش هەڵبژاردن پێکەوە رێکبکەوین لەسەر ئەوەی هەڵمەتێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئارام بەڕێوەببەین، دوای هەڵبژاردنەکانیش ئەو لایەنانەی کە نزیکین پێکەوە دەتوانین بەرپرسیارانە مامەڵە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان و رێکخستنەوەی کابینەوەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین و پێکەوە پرۆسەکە درێژە پێبدەین".

هــ. ر


PM:02:11:16/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو