به‌وێنه‌: كۆڕی‌ عەلمانیەت و دین- پێكدادانی دۆگماكان



وێستگه‌نیوز 
ئێوارەی دوێنێ‌ 15ی‌ ئابی‌ 2018، لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی، دەزگای میدیایی وێستگە كۆڕێكی فیكری بۆ د.مەریوان وریا قانیع نوسەر و روناكبیری دیاری كورد سەبارەت بە (عەلمانیەت و دین- پێكدادانی دۆگماكان) سازكرد كە نووسەر و رۆشنبیر رێبین هەردی، ئەركی بەڕێوەبردنی كۆڕەكەی لەئەستۆ گرت.

هەر لەساتاكانی پێش دەستپێكردنی كۆڕەكە كە زیاتر لە 500 كەس دەگرێت، تەواوی هۆڵەكە پڕبوون لە هاوڵاتیان و رۆشنبیر و سیاسییەكان بەجۆرێك هەندێك لە ئامادەبووان لەسەر زەوی هۆڵەكە دادەنیشتن.

سەرەتا رۆژنامەنووس سیروان غەریب، خاوەنی دەزگای وێستگە و سەرنووسەری سایتی وێستگە نیوز دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان گرنگی ئەم كۆڕەی روونكردەوە كە بەهۆی میدیا ئاسمانییەكان و سۆشیاڵ میدیاوە، هاوڵاتی كورد بەم جۆرە كۆڕە فیكرییانە دووركەوتوونەتەوە، بۆیە دەزگاكە بەگرنگی زانیوە ئەم كۆڕە بۆ نووسەری دیاری كورد د.مەریوان وریا قانع سازبكات.

سەرەتای كۆڕەكە مەریوان وریا قانیع بەوردی باسی تەوەرەكەی خۆی كرد، دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە، بەشێكی زۆری نوێنەری لایەنە سیاسییەكانیش كە ئامادەی كۆڕەكە بوون، سازكردنی ئەو كۆڕەیان بە كارێكی گرنگ ناوبرد.

عوسمان زیندانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حزبی شیوعی كوردستان كە ئامادەی كۆڕەكە بوو بە ئاماژەدان بەوەی دەزگای میدیایی وێستگە كارێكی باشی بۆ سازكردنی كۆڕێكی لەو شێوەیە كردووە رایگەیاند، زیاتر لە 10 ساڵە كۆڕی فیكری لەم شێوەیە جەماوەری و تێكەڵا لە فیكرە جیاوازەكان نەكراوە، بەتایبەتیش لەم دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی ئێستادا سازكردنی ئەو كۆڕە كارێكی جیاواز بوو، سەرەتایەكی باشە بۆ جوڵاندنی دۆخی رۆشنبیری و گفتوگۆی مەدەنییانە.

موسەننا ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كاتی بەشداریكردنی لە گفتوگۆدا سوپاسی وێستگەی كرد بۆ سازكردنی ئەم كۆڕە جەماوەرییە.

هەروەها نووسەر فازیڵ قەرەداغی لە كاتی بەشداریكردن لە گفتوگۆی كۆڕەكە سەرەتا سوپاسی وێستگەی كرد كە ئەم كۆڕەی سازكردووە و جەختیكردەوە كە ماوەیەكی زۆرە كۆڕی لەم جۆرە لەم هۆڵە سازنەكراوە.

بەهەمانشێوە عەبدوڵا رێشاوی نووسەر و رۆژنامەنووس، رایگەیاند دەزگای وێستگە و سایتی وێستگە نیوز هۆڵی رۆشنبریان ئاوەدانكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد لە ساڵانی نەوەدەكانەوە چالاكی فیكری لەم شێوەیە نەكراوە.


PM:12:27:16/08/2018






























ئه‌م بابه‌ته 2956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو