توركیا كوژرانی زەكی شنگالی بەرپرسێكی باڵای كەجەكەی راگەیاند


وێستگه‌ نیوز ـ
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی فەرمی توركیا لە بۆردومانێكی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەو وڵاتەدا لە شنگال، ئیسماعیل ئۆزدین، ناسراو بە زەكی شنگالی بەرپرسی باڵای كەجەكە گیانی له‌ ده‌ستداوه‌.

ئاژانسی هەواڵدەری ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە: "لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی سوپای توركیا بۆسەر ئامانجەكانی رێكخراوی پەكەكە لە شنگالی باكووری عیراق، بەرپرسی رێكخراوی كەجەكە/ پەكەكە لە شنگال بەناوی ئیسماعیل ئۆزدەن ناسراو بە مام زەكی شنگالی كە لە لیستی داواكراوانی توركیادایە، لە چالاكی خرا".

وەزارەتی بەرگری توركیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توێتەر راگەیەنراوێكی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا لە دەرەوەی توركیا بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە "لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی سوپای توركیا بۆسەر ئامانجەكانی رێكخراوی پەكەكە لە شنگال باكووری عیراق، بەرپرسی رێكخراوی كەجەكە/ پەكەكە لە شنگال بەناوی ئیسماعیل ئۆزدەن ناسراو بە مام زەكی شنگالی كە لە لیستی داواكراوانی توركیادایە، لەچالاكی خراوه‌".

بەپێی ئاژانسەكەی توركیا زەكی شنگالی لەلایەن توركیاوە داواكراو بووە و یەكەم كەسی داواكراوە كە بە ئامانج گیراوە.

تا ئێستا بەرپرسانی كەجەكە لە بارەی ئەم لێدوانانەی توركیا هیچ روونكردنەوەیەكیان بڵاونەكردووەتەوە، هه‌روه‌ك هیچ كام له‌ ماڵپه‌ره‌كانی نزیك له‌ كه‌جه‌كه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

زەكی شنگالی لە ساڵی 1952لە شاری باتمانی باكووری كوردستان لە دایك بووە و چەندین پلەی جیاوازی لە ناو پەكەكەدا وەرگرتووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی رۆژ نیوزی نزیك لە پەكەكە، ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگیی كە نازانرێت هی چ وڵاتێكن، لە گەلی شلۆ سەر بە شەنگال ئۆتۆمبێلێكی مەدەنیان بۆردوومان كرد.

هەر بەپێی زانیارییەكان لە بۆردوومانەكەدا ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی كراوەتە ئامانج و ئەو كەسانەی ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون بریندار بوون.

بۆردومانەكە هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی 34هەمینی دەستپێكردنی شەڕی چەكداری پەكەكە لە دژی سوپای توركیا، كە تیایدا بە هەزاران كەس لە هەردوولایەنی شەڕەكە كوژراون.

هــ. ر


AM:10:10:16/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو