بەكارهێنانی زمانی كوردی له‌ كۆمپانیای نەوتی باكوور قەدەغە کرا

‌کۆمپانیای نەوتی باکور

وێستگه‌ نیوز ـ
حەمدان عویجل، پشكێنەری گشتی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگه‌دەگەیاند، زۆربەی ئەو نووسراوانەی كۆمپانیای نەوتی باكوور رەوانەی كردووە دەستەواژی كوردی تیا بەكارهاتووە، بۆیه‌ پێویستە كۆمپانیای نەوتی باكوور پابەند بێت بەوەی تەنها زمانی عەرەبی بەكاربهێنێت.


حەمدان عویجل، نووسراوێكی ئاڕاستەی كۆمپانیای نەوتی باكوور كردووە و رایگەیاندووە، زۆربەی ئەو نووسراوانەی كۆمپانیاكە رەوانەی كردووە دەستەواژی كوردی تیایاندا بەكارهاتووە، ئەوەش پێچەوانەی یاسای پاراستنی سەلامەتی زمانی عەرەبی ژمارە 64ی ساڵی 1968ە.

ئه‌وه‌شی راگەیاندووە، پێویستە كۆمپانیای نەوتی باكوور پابەند بێت بەو گشتاندنەی بۆ هەموو فەرمانگە كارگێرییەكان لە 28ی ئابی 2017، كە پاڵپشت بووە بەنووسراوی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 17ی ئابی 2017 ده‌ركراوە.

ئاشكراشیكردووە، پابەندنەبوون بە بڕیاری بەكارنەهێنانی زمانی كوردی لە نوسراوەكاندا فەرمانبەرانی سەرپێچیكار بەپێی یاسای رێككاری فەرمانبەرانی دەوڵەت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.


ئەوە لە کاتێکدایە، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە سوپای عیراق گەڕایەوە ناوچە کێشە لەسەرەکانی پارێزگای کەرکوک و دیالە و موسڵ، دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی چەندین بڕیار و راسپاردە و رێنمایی داوەتە دامودەزگاکانی ئەو پارێزگایانە، کە بە پێچەوانەی رێککەوتنەکانی لەوەبەری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقە.

هــ. ر


AM:08:49:16/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 1544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو