پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی: سەرۆكی حكومەتی هەرێم زیاتر قەناعەتی بە عەبادی هەیە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، تائێستاش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق زیاترە و دەڵێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم زیاتر قەناعەتی بە عەبادی هەیە وەك لە كەسی دیكە.


ئیسلام حسێن، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان كورد و سوننە و شیعە هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بەتایبەتیش دوێنێ سووننەكان هاوپەیمانییەكی گەورەیان راگەیاند، هەروەها هاوپەیمانییەكانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی مالكی و نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی رێككەوتنیان كردووە، بەڵام رانەگەیەندراوە.

ناوبراو پێیوایە بەهۆی رووداوەكانی دوو رۆژی رابردووەوە پێكهێنانی حكومەتی نوێ زووتر بووە و پێشبینی دەكات تا پێش سەری ساڵ رابگەیەندرێت.

سەبارەت بەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق چانسی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە، پەرلەمانتارەكەی پارتی روونیكردەوە "سەرۆك وەزیران دەكەوێتە سەر رێككەوتنی سیاسی، بۆ ئێمە گرنگ نییە كێیە، بەڵام ئەوەی گرنگ بەڵێنەكان جێبەجێ بكات، بەڵام تائێستاش عەبادی چانسی زیاترە".

بۆچی عەبادی چانسی زیاترە، ئیسلام حسێن وتی "كورد و سوننەكانیش زیاتر باوەڕیان پێیەتی، چونكە لە مالكی دەترسن، لەبەرئەوەی بەڵێنی زۆری داوە و جێبەجێی نەكردووە".

هەروەها دەڵێت "عەبادی جێی رەزامەندی لایەنەكانە و لەئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی نزیكە و لە ئێران دوورترە و ناوچە سوننەكانی لە داعش پاككردەوە"، ئیسلام حسێن وتیشی "راستە عەبادی كاری نابەجێی زۆری بەرامبەر كورد كرد، بەڵام سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە جێگری سەرۆكی پارتیشە زیاتر قەناعەتی بە عەبادی هەیە وەك لە كەسی دیكە".

ماوەی سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەنجامدراوە، بەڵام تائێستا لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ چۆنیەتی دروستكردنی حكومەتی داهاتووی عیراق.

هــ. ر


PM:10:45:15/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت