به‌های لیره‌ی توركی به‌رزبوه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

بانکی ناوەندی تورکیا قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بە لیرە سنوردار کرد، ئه‌وه‌ش وایكرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی به‌رزببێته‌وه‌.

ئاژانسی داڕێژەری سیاسەتی بانکی تورکیا کە بە (BDDK) ناسراوە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بانکەکانی بۆ رێژەی 25% له‌ بانکه‌كانی بەکارهێنەران کەمکردەوە، ئەوەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئابی 2018، بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار بەڕێژەی 6.3% بەرزبووەوە، هەر دۆلارێک دابەزی بۆ شەش لیرە و 57 قورووش.

سنوردارکردنی ئاڵۆگۆڕپێکردنی لیرە بووەتە هۆکار بۆ  ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی نەتوانن دراوی لیرە لەدەرەوەی ئەو وڵاتە بگۆڕنەوە بۆ دراوی دیکە.

تیمۆتی ئاش، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری "بلوبەی" لەو بارەیەوە رایگەیاند، حکومەتی تورکیا بەنیازە نەختینەی لیرە لە دەرەوەی وڵات بکوژێت بۆ ئەوەری رێگری لە گۆڕینی بکات بە دراوەکانی دیکە.

چەند دۆسیەیەکی هەڵپەسێردراو بوونەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا وەک: دۆسیەی قەشە ئیندرۆ برۆنسن کە تورکیا بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ فەتحوڵا گولەن و پەیوەندی بە پەکەکەوەوە دەستبەسەری کردووە. 

ئەمە جگەلە دۆسیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان کە واشنتن پشتگیرییان دەکات و ئەنقەرە بە تیرۆرست ناویان دەبات لەگەڵ دۆسیەی نزیکبوونەوەی حکومەتی ئەردۆغان لە روسیا و هەوڵدانی بۆ نیگەرانکردنی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتەی ئاڵۆز کردوە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دوای ئەوەی گرژی کەوتە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە واشنتن، لیرەی تورکی ژمارەی پێوانەیی لە لەدەستدانی بەهاكه‌ی تۆمارکرد كه‌ له‌ 17 ساڵی رابردوا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌.

له‌ ماوه‌ی رابردوشدا رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەرپەرچی توندی ئەمریکای دایەوە و داوای لە گەلی تورکیا کرد ئاڵتوون و دراوە بیانییەکانیان بگۆڕن بۆ لیرەی تورکی.


PM:12:57:15/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 10184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت