سیستانی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی دیاریكرد


وێستگه‌ نیوزـ

نوسینگه‌ی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق پێشبینی ده‌كات سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ یه‌كه‌م رۆژی مانگی زولحجه‌ بێت، به‌وه‌ش یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان ده‌كه‌وێته‌ 22ی ئه‌م مانگه‌وه‌.

به‌پێی ساڵنامه‌ی ساڵی 1439ی كۆچ كه‌ نوسینگه‌ی عه‌لی سیستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ی عیراق ده‌ریده‌كات، پێشبینی ده‌كرێت، هیلالی مانگی زولحجه‌ رێكه‌وتی ئه‌م ئێواره‌یه‌ بكات كه‌ به‌پێی مانگی كۆچی رێكه‌وتی 29ی زولقعده‌ی 1439 ده‌كات واته‌ 12ی ئابی 2018ی زایینی.

نوسینگه‌كه‌ پێشبینی كردوه‌ مانگ له‌كاتی خۆرئاوا بوون له‌ كاتژمێر 6:50 خوله‌ك له‌ ئاسمانی شاری نه‌جه‌ف ده‌ربكه‌وێت.

نوسینگه‌كه‌ی سیستانی راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا پێشبینی ده‌كرێت مانگ به‌ رونی ببینرێت، به‌و حساباته‌ فه‌له‌كییه‌ش بێت، یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز به‌پێی رۆژژمێره‌كه‌ی مه‌رجه‌عی شیعه‌كان ده‌كه‌وێته‌ رۆژی چوارشەممە 22ی ئابی 2018ه‌وه‌.

پێشبینییەکانی نوسینگەی سیستانی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌قفی سوننه‌ی عیراق رایانگەیاندوه‌ رۆژی سێشەممەی داهاتوو 21ی ئاب یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە.

نەبەز ئیسماعیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی حاجییانی كوردستان لە وڵاتی سعودیە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بە فەرمی یەكلایی كرایەوە كە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 21ی ئاب یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێت.

پێشتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك هەفتە پشووی جەژنی قوربانی راگەیاند كە لە رۆژی 19ی ئاب دەست پێدەكات و 27ی ئاب كۆتایی دێت.



PM:04:14:12/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 14786 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت